بانگهێشتی چالاکانی کورد بۆ دادگای ئینقلاب درێژەی هەیە

21:29 - 26 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: موختار زارعی چالاکی سیاسیی کورد بۆ چەندەمین جار لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بانگهێشت کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، محاکمەی موختار زارعی چالاکی سیاسی کورد خەڵکی شاری سنە، سبەینێ چوارشەممە ٢٧ی جۆزەردان، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە بەرێوەدەچێت.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە لە لاپەڕەی شەخسی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا نووسیویەتی، دواین تۆمەتی من، \"تەبلیغ دژی نیزام\" و \"بێڕێزی بە موقەدەسات\" و \"بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان\" بووە.

\"26998.jpg\"
موختار زارعی لە درێژەدا نووسیویەتی: بەشێک لە تۆمەتە لێدراوەکانی من لە ئاکامی بەرگریی پارێزەرەکەم لە دادیاریدا کەم کراونەتەوە.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە لە کۆتاییەکانی مانگی رەشەممە، لە لایەن هێزە ئەمنیەتەکانی شاری سنەوە دەستبەسەر کراوە.

موختار زارعی لە ٢٢ی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا، سەبارەت بە پەروەندەی ٦ساڵ پێشی خۆی، لە زیندانی ناوەندەیی شاری سنە بۆ دادگای ئینقلاب بانگهێشت کرا.

دادگای شاری سنە لە ساڵی ٩٠ی هەتاوییەوە حوکمی بۆ ئەو پەروەندەیەی دەرکردووە بەڵام بە بریاری دادگا جێبەجێ‌کرانی حوکمی دەرچوو بۆ ئەو پەروەندەیە راگیراوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ئەو هاووڵاتییە کوردە پێشتریش بە تۆمەتی\"تەبلیغ دژی نیزام\" لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە یەک ساڵ زیندانی هەڵپەسێراو لە ماوەی ٥ ساڵ، حوکم درابوو.

موختار زارعی یەکێک لە ئەندامانی یەکیەتیی دیموکراتیکی خوێندکارانی کورد بووە و لە زستانی ١٣٨٨ی هەتاویدا لە کاتی بەرێوەبردنی ساڵوەگەری گیان لە دەستدانی \"ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی\"جدەستبەسەر و ماوەی ٣ مانگ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە راگیرا.