بانگهێشتی پزیشکێکی کورد لە دیواندەرە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات

14:44 - 21 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: پزیشکێکی کوردی خەڵکی شاری دیواندەرە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ئەسعەد نووری پزیشکی دەرمانسازی، لە رۆژانی حەفتەی رابردوودا بانگهێشتی ئیلاعاتی شاری دیواندەرە کراوە و بۆ ماوەی ١ رۆژ لەو ئیدارەیە راگیراوە و لێکۆڵینەوەی لێکراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری دیواندەرە تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ حیزبە کوردییەکان و لایەنگری لە مەکتەب قورئانی کوردستانی داوەتە پاڵ ئەو پزیشکە کوردە و هەر لەو پەیوەندییەشدا لێپرسینەوەیان لێکردووە.

دەگوترێت، ئیدارەی ئیتلاعات تەنیا بە مەبەستی فشار هێنان، ئەو پزیشکە کوردەیان بانگهێشت کردووە و دەیانهەوێ لەو رێگەیەوە پێش بە خزمەت کردنی ناوبراو بە هاووڵاتییانی کورد بگرن.

ئەسعەد نووری، خاوەن یەکێک لە دەوا فرۆشییەکانی شاری دیواندەرە، پێشتریش لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکراوە.