بانگهێشتی سەرلەنوێی ژنە رۆژنامەنووسی کوردی کرماشان بۆ ناوەندە ئەمنییەکان

16:32 - 16 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنە رۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی شاری کەنگاوەری سەربە ئوستانی کرماشان سەرلەنوێ بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کرایەوەکرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئازەر تاهیر ئابادی رۆژنامەنووس و هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی١٥ی جۆزەردان لەلایەن ئیتلاعاتی سپای کرماشانەوە ئاگادار کراوەتەوە کە رۆژی پێنجشەممە خۆی بە ئیتلاعاتی سپای ئوستان بناسێنێت.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئازەر تاهیر ئابادی سەرلە بەیانی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە سەردانی ئەو ئیدارەیەی کردووە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لێپرسینەوەی لێ دەکرێت.

ئەو ژنە رۆژنامەنووسە پێشتریش لە رێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕی ئەمساڵدا، لەلایەن ئیدارەی پۆلیسی ئەمنیەتی ئوستانی کرماشانەوە بانگهێشت و بۆ ماوەی نزیک بە ١٠ کاتژمێر لەلایەن مەئموورانی ئەو ئیدارەیەوە سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران و هەروەها لەمەڕ بەشداری کردنی خۆی لەو هەڵبژاردنانەدا لێپرسینەوەی لێکرابوو.

\"ئازەر تاهیرئابادی\" هاوکاری حەفتەنامەی \"غەرب\" و ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان\" لە کۆتایی مانگی رەشەمەی ساڵی رابردووشدا، لەلایەن دەفتەری پەیگیریی وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری تارانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کرابوو.
ئەو ئەندامەی \"سرای اهل قلم\"ی ئێران لە ١٠ی خەزەڵوەری هەمان ساڵدا، هاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵێکی دیکە لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرابوو.