بانگهێشتی سەرلەنوێی چالاکێکی مەزهەبی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە

14:28 - 4 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەزهەبیی کوردی خەڵکی شاری سنە، بۆجارێکی دیکە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرایەوە و لێپرسینەوەی لێکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٣ی بانەمەڕ \"هاشم حوسێن پەناهی\" ئەندامی شۆرای مەکتەب قورئان و یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەی ئایینی \"ئیمامی بوخارا\" لە شاری سنە، بۆ جارێکی دیکە بانگهیشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرایەوە و بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لێپرسینەوەی لێکرا.

\"12188.jpg\"
هاشم حوسێن پەناهی، ئەندامی شۆرای مەکتەب قورئان و یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەی ئایینی ئیمامی بوخارا لە شاری سنە
ماڵپەڕی \"ئیسلام کورد\" زمانحاڵی مەکتەب قورئان بڵاوی کردەوە، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات لە بارەی پەیوەندیی هاشم حوسێن پەناهی لەگەڵ کەناڵە ئیسلامییەکان و هەروەها بارودۆخی ناوخۆیی وڵاتی سووریە پرسیاریان لە ناوبراو کردووە.

ئەو چالاکە ئایینیە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٨ی رەشەممە بەمەبەستی وەرگرتنەوەی پاسپۆرتی خۆی و حەسەن ئەمینی سەردانی دادگای شاری سنەی کردبوو کە دادوەر پێی راگەیاندبوو، \"زەوت کرانی پاسپۆرتی ئێوە بەبڕیاری ئیدارەی ئیتلاعات بووە و تەنیا لەسەر داوای ئەو ئیدارەیە بڕیاری زەوت کرانی هەڵدەوەشێتەوە\".

هاشم حوسێن پەناهی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٤ رەشەممە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرابوو و لەمەڕ چالاکییە مەزهەبییەکانی مەکتەب قورئان لێپرسینەوەی لێکرابوو.