بانگهێشتی سەرلەنوێی پاڵێوراوانی شۆرای شاری بۆکان

17:10 - 4 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: چەندین کەس لە پاڵیوراوانی هەڵبژاردنەکانی شۆرای شاری بۆکان بۆ جاری شەشەم بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرانەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ٤ی پووشپەڕ ٦ کەس لە پاڵێوراوانی شۆرای شاری بۆکان بەناوەکانی \"مەهدی خودایی، سەید عەبدوڵڵا عەلایی بەرزەنجی، مەسعوود مەحموودی، شۆڕش دێهبان، سەید ئەحمەد حوسێنی، ژیان رەسووڵی خۆیان بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان ناساند.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ئەو ٦ کەسە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکاندا راگیراون و لێپرسینەوەیان لێدەکرێت.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ٦ کەسە شەوی رابردوو لەلایەن نوێنەری خەڵکی شاری بۆکان و فەرمانداری ئەو شارەوە لە پەیوەندیی تەلەفۆنیدا هەڕەشەیان لێکراوە کە لە ئەگەری بەردەوامبوون لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بەرەوڕووی دەستبەسەر و زیندانی کردن دەبنەوە.

پێشتریش لە رێکەوتی ٣٠ جۆزەردانی ئەمساڵدا ١٥ کەس لە پاڵێوراوانی هەڵبژرادنەکانی شۆرای شاری بۆکان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێکرابوو.

پاڵێوراوانی شاری بۆکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو لە هەڵبژاردنەکاندا ساختەکاری کراوە، بۆیە خوازیاری سەرلەنوێ بژاردنەوەی دەنگەکانی شۆرای شاری بۆکان بوون.

هەروەها رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢١ی جۆزەردان \"رەسووڵ چووپانی\" شاعیر، نووسەر و یەکێک لە پاڵێوراوانی شۆرای شاری بۆکان بەهۆی گوێ نەدان بە داوای ئیدارەی ئیتلاعات لەمەڕ خۆ کێشانەوەی لە هەڵبژارادنەکانی شۆرای ئەو شارە، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوەو راگیران لەو ئیدارەیە، ئازاد کرابوو.

هەڵبژاردنەکانی شۆرای شار و گوندەکان هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی یازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە وڵاتی ئێران بەڕێوەچوو.