بانگهێشتی سکرتێر و چەند کەس لە ئەندامانی بەرەی یەکگرتووی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە

11:30 - 28 خەرمانان 2721

ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەرمانان، سیاوەش حەیاتی، سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد و چەند کەس لە ئەندامانی ئەو بەرەیە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە، بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سیاوەش حەیاتی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کرندی غەرب سەر بە پارێزگاری کرماشان بانگهێشت و پاش دوو کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "موحسین ڕەزەوی، ئەندامی بەرەی یەکگرتووی کورد لە شاری بۆکان و چەند کەسێکی دیکە لە ئەندامانی ئەو بەرەیە، بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە".

ئەو سەرچاوەیە هەورەها ئەوەشی خستە ڕوو کە سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد و ئەندامانی ئەو بەرەیە پاش بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە پەیوەندی لەگەڵ بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، لەلایەن سپای پاسدارانەوە، بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان بانگهێشت کراون.