بانگهێشتی زۆرەملیی ژنانی ئەدمین بۆ کاناڵی \"سروش\"

22:07 - 19 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بانگهێشتکردنی ئەدمینی کاناڵەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ژنانیشی گرتووەتەوە و لەو پەیوەندییەدا ١٠ کەس لە ژنانی ئەدمینی کاناڵە هونەرییەکان بانگهێشتی دادستانیی شاری ئیسفەهان کراون.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، یەکێک لە ژنانی ئەدمینی کاناڵە تێلێگرمییە هونەرییەکان، لە لایەن دادستانیی شاری ئیسفەهان بانگهێشت کراوە و ئەو بەرپرسە قەزاییە پێی ڕاگەیاندووە، لە ئەگەری نەگواستنەوەی چالاکییەکانی خۆی بۆ کاناڵی \"سروش\"، بەپێی یاسا قۆڵبەست دەکرێت.

پارێزەرێکی پلەیەک، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕاگەیاند: \"هاوژینی یەکێک لەو ژنانە ڕۆژی شەممە بانگهێشتی دادستانی کراوە و پێیڕاگەیاندراوە کە کەڵکوەرگرتن لە فیلتێرشکێن تاوان بە ئەژمار دێت و خێزانتان بۆچی لە تێلیگرام چالاکی دەکات دەبێت بەڵێننامە بدات کە چیدیکە لە تێلێگرام چالاکی نەکات\".

بە وتەی ئەو پارێزەرە، ئەو ١٠ ژنە، ئەدمینی کاناڵە هونەرییەکانی وەک ئاشپەزی، شیرینی‌پەزی، جوانکاری و هەروەها کاناڵە پەیوەندیدراە هونەرییەکان بوونه کە بانگهێشتی دادستانی کراون و پێیان وتراوە کە دەبێت چالاکییەکانی خۆیان بۆ کاناڵی \"سروش\" بگوازنەوە.

پاش ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئێران و کوردستان لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو (٩٦)، بە سەدان کەس لە چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە ڕووماڵی هەواڵەکانیان لە ئێران و کوردستان دەکرد، باگهێشتی ناوەندە حکوومەتییەکان کران و تەنانەت هێندێکیان بە سزای نەختی و زیندان مەحکووم کران.

\"پیام‌رسان سروش\"، نەرمە ئامێرێکی ئێرانییە و پاش گشتگیربوونی کاناڵه تێلێگرامییەکان لە ئێران، ئەم نەرمەئامێرە وەکوو جیگرەوەی تێلێگرام لە ئێران پێشنیار کرا.