بانگهێشتی دووبارەی مامۆستایەکی ئایینیی کورد بۆ دادگای ڕۆحانییەت لە شاری هەمەدان

15:42 - 29 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی شاری هەمەدان، جارێکی دیکە مامۆستایەکی کوردی خەڵکی شاری بانەی بانگهێشت کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مامۆستا محەممەد ئەدیبی، ئیمام و پێشنوێژی مزگەوتی گوندی \"کەوپێچی خوار\" سەر بە شاری بانە دووبارە بانگهێشتی دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی شاری هەمەدان کراوە.

ئەو مامۆستا کوردە، دەبێ ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی جۆزەردان، خۆی بە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت لە شاری هەمەدان بناسێنێت و هۆکاری دووبارە بانگهێشتکردنی ناوبراو، پشتیوانیی لە ناڕەزایەتیی بازاڕییانی شاری بانە ڕاگەیەندراوە.

هەروەها، ڕۆژی شەممە ١٩ی جۆزەردان، دادگای ڕۆحانییەتی شاری هەمەدان هەر بەو تاوانە، ناوبراوی بانگهێشت کردبوو.

پێشتریش، ئیداری ئیتلاعاتی شاری بانە، لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی شاری هەمەدان، لە دژی ئەو مامۆستا کوردە سکاڵای تۆمار کردووە.

دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت لەژێر چاوەدێریی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی، ڕێبەری حکوومەتی ئێراندایە و بەرپرسی هەڵسوکەتی قەزایی لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی و دژبەری حکوومەتی ئیسلامییە.