بانگهێشتی دوو چالاکی مافی مرۆڤ و مەدەنیی کورد، بۆ لقی ٣ی \"بازپرس ویژە امنیت\"ی تاران

15:11 - 11 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو چالاکی مەدەنی و مافی مرۆڤی کورد لە بۆکان، لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی لقی ٣ی دادگای ئیقلابی تارانەوە لێپرسینەوەیان لێکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٩ی بەفرانبار رەزا شەریفی بۆکانی و سەحەر سەعادەتی دوو چالاکی مافی مرۆڤ و مەدەنیی کوردی خەڵکی بۆکان، خۆیان بە لقی ٣ی بازپورسی ئەمنییەتی دادگای ئینقلابی تاران، ناساند.

ئەو دوو چالاکە کوردە، رێکەوتی ١٦ی سەرماوەز بەهۆی بەشداری کردن لە رێوڕەسمی رۆژی خوێندکار لەپارکی لالەی تاران، بە \"تەبلیغ بە دژی نیزام\" و \"بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نایاسایی\" تۆمەتبار کراون.

\"23967.jpg\"
رەزا شەریفی بۆکانی بەهۆی بەشداریکردن لە کۆبۆنەوەی پارکی لالەی تاران بۆ پشتیوانیی کردن لە مانگرتنی ٢٨ زیندانیی سیاسیی کوردی زیندانی ورمێ دەستبەسەر کرابوو
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، سەحەر سەعادەتی و رەزا شەریفی بۆکانی بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر لەلایەن \"ئەمیری\" دادوەری لێکۆڵینەوەی لقی ٣ی \"بازپرس ویژە امنیت\"ی دادگای ئینقلابی تارانەوە لێپرسینەوەیان لێکراوەو ئەو دوو چالاکەش بەبێ پارێزەر داکۆکییان لە خۆیان کردووە.

رەزا شەریفی بۆکانی هاوڕێ سەحەر سەعادەتی، رێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی ئەمساڵ لە پارکی لالەی تاران پشتیوانییان لە مانگرتنی ٢٨ زیندانیی سیاسیی کوردی زیندانی ورمێ دەربڕیبوو.

رەزا شەریفی بۆکانی بەهۆی بەشداریکردن لەو رێوڕەسمەدا و پشتیوانی کردن لە زیندانیانی سیاسیی مانگرتووی کورد دەستبەسەر کرابوو.

ئەو دوو چالاکە کوردە، رێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی ئەمساڵیش بەهۆی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی رۆژی خوێندکاردا، بانگهێشتی لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران کرابوون.