بانگهێشتی دوو هاووڵاتیی کورد بۆ ئیتلاعاتی سپا

20:26 - 13 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ئیتلاعاتی سپای شاری مەریوان، دوو هاووڵاتیی کوردی بانگهێشتی ئەو ئیدارەیە کرد و لێپرسینەوەی لێ کردن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٣ی پووشپەڕ، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"عومەر داریووشی\"، تەمەن ٥٥ ساڵ و \"عەدنان داریووشی\"، تەمەن ٣٠ ساڵ، خەڵکی گوندی سەردۆش، سەر بە شاری مەریوان، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کران.

هێزەکانی ئیتلاعات، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبه کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، لێپرسینەوەیان لەگەڵ ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە کردووە.

هێزەکانی ئیتلاعات، \"عومەر داریووشیـ\"ـیان خستووەتە ژێر گوشار، بۆ ئەوەی کە کوڕەکەی دەست لە ئەندامیەتیی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران هەڵبگرێت و بیهێنێتەوە بۆ ئێران.

ئەم دوو هاووڵاتیە کوردە، پاش چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوە، ئازاد کران.