بانگهێشتی بەرینی هاووڵاتییانی گوندی "نێ" بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان

12:48 - 11 بەفرانبار 2721

لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستی کردووە بە بانگهێشتکردنی ڕێژەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی گوندی "نێ" سەر بە مەریوان.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەڵێنییان لە هاووڵاتییانی بانگهێشتکراو وەرگرتووە کە لەمەو بەدوا لە هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێک کە لە گوندی "نێ" بەڕیوە دەچێت بەشداری نەکەن و هەڕەشەیان لێ کراوە کە لە ئەگەری پێبەندنەبوون بە بەڵێنییەکانیان دەسبەسەر و زیندانی دەکرێن.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە شوناسی ئەو هاووڵاتییانەی کە بانگهێشت کران لە بنەماڵەکانی "درەخشانی"، "نیکپەی" و "پەروازە" ڕاگەیاندووە.

تەواوی بانگهێشتکراوان پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کران.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، دەیان هاووڵاتیی گوندی "نێـ"ـی مەریوان بەهۆی بەشداریکردنیان و هەروەها بەڕێوبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و هەندێک ڕێوڕەسمی تایبەتی دیکە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بانگهێشت کراون.

بە دەستێوەردانی هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە گوندی "نێ"، لەگەڵ توندوتیژی و دەرگیری بەرەڕوو بووەتەوە.