بانگهێشت کردنی وەرزشوانانی کورد بۆ بەشە جۆراوجۆرەکانی وەرزشی لە ئێراندا

13:47 - 10 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: پێنج کچە وەرزشوانی خەڵکی پارێزگای کرماشان بۆ ئۆردووی هەڵبژاردنی تیمی میللیی واڵیباڵی لاوانی کچ، هەڵبژێردران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ناو ٣٢ یاریزانی کچ لە پێنج پارێزگای ئێران که وەکوو چوارمین گرووپ، بۆ ئۆردووی هەڵبژاردنی یانەی میللیی واڵیباڵ بانگهێشت کرابوون، پێنج کچە یاریزانی کوردی کرماشانی بەرچاو دەکەوێت.

شوناسی ئەو پێنج کچە یاریزانە کرماشانیە کە بۆ یانەی میللیی واڵیباڵ بانگهێشت کراون \" مەهنا ئۆلفەتی چقا گۆڵابی، سەدف حەقی، نگین ڕەشیدی، بیتا لوتفی و هلیا موحبی\" ڕاگەیەنراوە.

لە گرووپی چوارمی ئەو ئۆردوویه، ٣٢ وەرزشوان لە پاڕێزگاکانی، کرماشان، کوردستان، لۆڕستان، ئیلام و پارێزگای ئەراک بەشداران بوون.

هەواڵدەریی مێهر بڵاوی کردووەتەوە ١٧٣ یاریزان لە چوارچێوی ٥ گرووپ لە ٢٤ پارێزگای ئێران بۆ ئۆردووی هەڵبژاردنی تیمی میللیی واڵیباڵ بانگهێشت کراون.

ئەو یاریزانانە پاش هەڵبژاردن لە کێبڕکێی قارەمانیی واڵیباڵی لاوانی کچانی ئاسیا لە ساڵی ٢٠١٧ کە لە ٣١ خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە وڵاتی تایلەند بەڕێوە دەچێت، بەشدار دەبن.

پێشتریش یەکێک لە کچە وەزشوانەکانی شاری کامیاران بە ناوی ئایدا گووڵ محەممەدی، لە لایەن تیمی میللی ئێران بۆ یاری‌کردن لە وەرزشی بەسکتباڵ‌دا بانگهێشتی تیمی میللیی ئێران کرابوو.