بانگهێشت کردنی مامۆستایانی قوتابخانەکانی سەقز بۆ ئیدارەی ئەماکن

21:02 - 29 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: شەش کەس لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی شاری سەقز و ئەندامی ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی کوردستان بانگهێشتی ئیدارەی ئەماکنی شاری سەقز کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەزبەر، شەش کەس لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی شاری سەقز بە ناوەکانی \"تاهیر قادرزادە، سلێمان عەبدی، سەید عەلی حوسێنی، ئەحمەد قادری، حەمید یەزدانی و خالید عەبدوڵلاهی\" بانگهێشتی ئیدارەی ئەماکن کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.

هۆکاری بانگهێشتی ئەم شەش مامۆستایە، بەشداری لە مانگرتنی فەرهەنگیان ڕاگەیاندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دۆسیەی سڵێمان عەبدی لە مامۆستایانی بانگهێشت کراو، ڕەوانەی دادستانی شاری سەقز کراوە.

چەند ڕۆژ پێش، سەیدعەلی حوسێنی و سلێمان عەبدی دوو مامۆستای ناسراو و چالاکی مەدەنیی شاری سەقز، بە هۆی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی مانگرتنی مامۆستایانی قوتابخانە، لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەزبەر، مامۆستا \"محەممەد ساڵح شەکەری\" مامۆستا لە قوتابخانەکانی شاری سەقز، پاش ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات، بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە ڕاگوێزراوە.