بانگهێشت کردنی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی لە مەهاباد بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ

14:14 - 28 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: گوشارەکانی ئیتلاعات لە کوردستان بۆ سەر چالاکانی سیاسی کورد و ئەندامانی بنەماڵەی حیزبە کوردییەکان، کۆتایی بۆ نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، ژمارەیەک لە بنەماڵەی چالاکانی سیاسی کورد، خەڵکی شاری مەهاباد، بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کردوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، سەرەڕای بانگهێشت کردنی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی کورد لە شاری مەهاباد، بەڵێننامەیان لێوەرگرتوون، کە نابێت بە هیچ شێوەیەک سەردانی کوڕەکانیان بکەین.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بەو بنەماڵانەی ڕاگەیاندووە. لە ئەگەری هەر جۆرە سەردا، پارە یان ناردنی شتومەک بۆ کوڕەکانتان، لەگەڵ دروست کردنی دۆسیە بۆتان بەرەوڕوو دەبنەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵیت: پێش چوونی ئەو بنەماڵانە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، ئەو بنەماڵانە بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادیان ڕاگەیاندووە، ئێمە سەر بە حەوزەی مەهابادین، چ پەیوەندییەکمان بە ورمێیەوە هەیە، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد ڕاگەیاندووە، ئیتلاعات ئوستانی ورمێ، لە سەرەوەی ئێمەیە و دەسەڵاتمان بە سەر ئەواندا، نییە.

پاش هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا، بنەماڵەی چالاکانی سیاسی دژبەری حکوومەتی ئێرانن لە کوردستان، لە ژێر گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئیتلاعاتییەکاندا بوون و ساڵانە چەندین کەڕەت ئەو بنەماڵانە بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییەکان دەکرێن.