بانگهێشت و گوشارهێنان بۆ سەر ئەندامانی بنەماڵەی زیندانییەکی سیاسیی کورد

15:54 - 3 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بانگهێشت و گوشارهێنان بۆ سەر ئەندامانی بنەماڵەی زیندانییانی سیاسیی کورد، لە لایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بەردەوامە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتووی ڕابردوو، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، یەکێک لە نزیکانی زیندانییەکی سیاسیی کورد، خەڵکی ئەو شارەی بانگهێشت کردووە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، سەعید حەسەنپوور مامی محەممەدشێرکۆ حەسەنپوور، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری مەهاباد، بانگهێشتی ئەو ئیدارەیە کرد و داوای ژمارە تەلەفۆن و ناونیشانی نیشتەجێبوونی برازاکەیان لێ کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات بە سەعید حەسەنپوور مامی شیرکۆیان وتووە، لە ئەگەری نەدانی ناونیشان و ژمارە تەلەفۆنی شێرکۆ لەگەڵ کێشەی قەزایی بەرەوڕوو دەبێتەوە.

ئەوە سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: ئیدارەی ئیتلاعات بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر ئەو هاووڵاتییە کوردەیان ڕاگرتووە و لێپرسینەوەیان لە بارەی شێرکۆ لێ کردووە.

شێرکۆ حەسەنپوور زیندانیی سیاسیی کورد، کۆتایییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٣ی هەتاوی، لەگەڵ ٢٨ زیندانیی سیاسیی کورد، لە زیندانی ورمێ بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە هەمبەر گواستنەوەی زیندانیی سیاسی بۆ بەندەکانی زیندان و گواستنەوە زیندانییانی تاوانبار بۆ بەندی زیندانییانی سیاسی دەستیان دابووە مانگرتن و پاش ئازاد بوونی بە ناچاری لەژێر گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان زێدی خۆی بەجێ هێشتووە.