بانگهێشت و هەڕەشەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد لە بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان

15:01 - 18 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، چەند کەسی لە بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێرانی بانگهێشت و هەڕەشەی لێ کردوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، چەند کەس لە بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێرانی بۆ ئەو ناوەندە حکوومەتییە بانگهێشت کردووە و پێی ڕاگەیاندوون، دەزانین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ کوڕەکانتان لە پەیوەندیدان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، بە بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانیان گوتووە، ئێمە ئاگادارین کە ئێوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ کوڕەکانتان لە پەیوەندیدان.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات بەو بنەماڵانەی ڕاگەیاندووە، تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی ئێوە لەژێر کونتڕۆڵی ئێمەن و دواتر نەڵێن پێیان ڕانەگەیاندووین، لە ئەگەری دووبارە بوونەوەی پەیوەندیتان لەگەڵ کوڕەکانتان لەگەڵ هەڵسوکەوتی قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە.

لە ماوەی چەند ساڵێ ڕابردوودا، بە هۆی چالاکیی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی، گوشار زیاتریان خستووتە سەر بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان. چالاکانی سیاسی لەو باوەڕەدان، کە ئەو کارەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی بۆ ترساندنی خەڵک کوردستان و زیاتر ئەمنییەتی کردنی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە.