بانگهێشت و هەڕەشەکردن لە ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و هەواڵنێران لە سنە

12:08 - 21 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی بانەمەڕ، پارێزگاری سنە ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و هەواڵنێرانی خەڵکی ئەو شارەی بانگهێشت کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بانگهێشتکردنی ئەو ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێرانە لە پەیوەندی لەگەڵ گرانبوونی شتومەکی خواردەمەنی بووە و پارێزگاری سنە پێی ڕاگەیەندوون کە نابێ لەسەر گرانی وتار و بابەت بڵاو بکەنەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو، پارێزگای سنە هەڕەشەی لەو ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێرە بانگهێشتکراوانە کردووە کە لە ئەگەری نووسینی بابەت و وتار لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی شتومەکەکان، بەپێی یاسا لەگەڵیان هەڵسوکەوت دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە، پارێزگاری سنە بەو ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێرانەی وتووە: "ئێوە تەنیا دەتوانن لە چوارچێوەی ئەو باس و بابەتانە کاری ڕۆژنامەوانی بکەن کە سیاسەتەکانی حکوومەت دیاریی دەکات".