بانگهێشت و لێپرسینەوە لە یەکێک لە ئەندامانی مەکتەب قورئانی کوردستان

17:25 - 11 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە ئەندامانی شۆرای بەرێوەبەریی مەکتەب قورئانی کوردستان بانگهێشتی ئیــدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"موراد فەتحی\" ئەندامی شۆرای بەرێوەبەریی مەکتەب قورئانی کوردستان رۆژی شەممە رێکەوتی ٩ی خەرمانان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنەوە بانگهێشت و پاش خۆ ناساندن بەو ئیدارەیە بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر لێپرسینەوەی لێکرا.

دەگوتریت، ئەو ئەندامەی مەکتەب قورئانی کوردستان لە شاری کامیاران، سەبارەت بە چالاکییەکانی مەکتەب قورئان و هەروەها وتاربێژی ناوبراو لە نوێژی جێژنی رەمەزاندا، لەلایەن مەئموورانی ئەو ئیدارەیەوە لێکۆڵینەوەی لێکراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا ماڵپەری ئیسلام کورد زمانحاڵی مەکتەب قورئانی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە \"موراد فەتحی\"یان راگەیاندووە، تۆ لە وتاری نوێژی جەژندا باست لەوە کردووە کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێــران هەموو ساڵێک جێژن و شادیی ئێمە ئاوێتەی شیوەن و ماتەم دەکات\".

سەید موراد فەتحی ئەندامی مەکتەب قورئانی کوردستان لە مانگی خەرمانانی ساڵی رابردووشدا لەلایەن ئیدارە ئیتلاعاتی ئوستانی کوردستانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرابوو.