بانگهێشت و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد بەردەوامە

13:59 - 15 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری سەقز لاوێکی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەک شەممە ١٤ی سەرماوەز، هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپا لە شاری سەقز لاوێکی تەمەن ١٧ ساڵەیان بە ناوی \"تەها حەمزەیی\" دەستبەسەر کرد.

کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی کوردستان لەو باریەوە بڵاوی کردەوە، ئەو لاوە کوردە شاگرد وەستای ئۆتۆمبێل بووە و سەرلە بەیانی لە شوێنی کارەکەی دا لە شاری سەقز لەلایەن سێ کەس لە مەئموورانی سپاوە دەستبەسەر کراوە.

هەتاکوو ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کردنی تەها حەمزەیی ناڕوونە.

هەروەها حەتووی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لە شاری دیواندەرە، بانگهێشتی دادگای ئەو شارە کرا.

ڕۆژی چوار شەممە ١٠ سەرماوەز، سالار سۆفی لە کاتێکدا بەڵگەی بانگهێشت کردنی بۆ دادگا پێ بووە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە ناوبراو، لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەتییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردنیدا بەرەوڕوو بووەتەوە.

ئەو ڕاپۆرتە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، کە بە دواداچوونی بنەماڵەی سالار سۆفی بۆ ئاگادار بوون لە سەر بارودۆخی کوڕەکەیان هەتا ئێستا بێ ئاکام ماوتەوە.
\"\"
فەرزاد پوور مورادی
هەر لەو پەیوەندییەدا، ئەمڕۆ ١٥ی سەرماوەز، یەکەمین دادگایی کردنی فەرزاد پوور مورادی ڕۆژنامەنووسی کورد لە لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەری شاری کرماشان بەڕێوە دەچێت.

هەروەها ڕێکەوتی ٧ی بەفرانبار دووهەمین دادگایی کردنی ئەو ڕۆژنامە نووسە کوردە لە دادگای ئینقلابی ئەو شارە بەڕێوە دەچێت.

فەرزاد پوور مورادی بە تۆمەتی\"بڵاو کردنەوەی پڕوپاگەندە بە مەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی\"، \"بێڕێزی کردن بە بەرپرسانی حکوومەتی\"، \"هەوڵدان دژی تەناهی ناوخۆیی و دەرەکی\" و \"پڕوپاگەندە بە دژی نیزام\" تاوانبار کراوە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە، بەڕێوەبەری ماڵپەڕی \"کرماشان پۆست\" بووە کە لە ڕێکەوتی ١٢بەفرانباری ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە ماڵەکەی خۆیدا، لە لایەن لیباس شەخسییەکانەوە لەو شارە دەستبەسەر کرابوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە ٢٢٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتیی_ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە چارەنووسی نیوەی ئەو دەستبەسەرکراونە بە ناڕوونی ماوەتەوە.

لینکی پەیوەندیدار:

ئیتلاعاتی سپای کوردستان ٥ هاووڵاتیی دەستبەسەر کرد

چوار زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندان ئازاد کران

فەرزاد پوور مورادی