بانگهێشت و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد بەردەوامە

11:29 - 23 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: بانگهێشت و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان بە تۆمەتی بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مەحکوومکردنی هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوا، بەردەوامە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی ڕەزبەر، "سەید عەلی حوسێنی"، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سەقز، بانگهێشتی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران کراوە و لە پەیوەندیی لەگەڵ بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە هەمبەر مەحکوومکردنی هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوا، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە.

هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، "مەحموود ساڵحی" و "عوسمان ئیسماعیلی"، لە چالاکانی کرێکاریی شاری سەقز، لە پەیوندییەکی تەلەفۆنیدا، بانگهێشتی ئیدارەی ئەماکنی ئەو شارە کران و لە پەیوەندی لەگەڵ بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دژی تورکیە، لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.

لە لایەکی دیکەوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، دوو لاوی کورد بە ناوەکانی "فواد عینایەتی و موبین خوسرەوی"، خەڵکی شاری سنە بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆه پشتیوانی ڕۆژئاوا"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی ڕەزبەر، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "هێمن عەبدوڵڵاهی، سەمعی وەیسی و عەبدوڵڵا سلێمانی"، خەڵکی "نەڵاسـ"ـی شاری سەردەشت، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیدا دەسبەسەر و لە چارەنووسی ئەوان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لەو پەیوەندییەشدا، لە شاری پاوە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کورد بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوا" دەسبەسەر کران کە شوناسی ٧ کەس لەو هاووڵاتییە دەسبەسەر کراوەکانە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون بووەتەوە و بەم شێوەیەیە: "لوقمان کیانی، هونەر حوسێنی، ئاشنا حەسەنزادە، کەیهان عەزیزی، کۆسار محەممەدی، باست محەممەدی و ئیحسان ئاقایی".