بانگهێشت و دەسبەسەرکردنی سێ هاووڵاتی لە شاری بۆکان

14:58 - 19 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، بانگهێشت و دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"ئیبراهیم مەردانی\"، لەگەڵ بنەماڵەکەی، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە، دەستیان بە پشکنینی ماڵی ناوبراو کردووە و کامپیۆتێر و هەروەها هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها زیادی کردووە: \"ئەندامانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە، پاش لێپرسینەوە ئازاد کران\".

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

لە لایەکی دیکەوە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"ئەسعەد و یوونس\"، خەڵکی گوندی \"قەرەگۆلـ\"ـی شاری بۆکان، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.

سەرچاوەی ئاگاداری ئاژانسی کوردپا، باسی لە شەپۆلی نوێی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە شاری بۆکان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە کرد.