بازاڕیانی بانە بەبێ جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان کۆتایییان بە مانگرتنەکەی خۆیان هێنا

21:16 - 20 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بازاڕیانی شاری بانە، لە بەیاننامەیەکدا پاش ٢٥ ڕۆژ کۆتایییان بە مانگرتنی خۆیان هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بازاڕیانی شاری بانە، پاش ٢٥ ڕۆژ مانگرتن بەبێ جێبەجێ کردنی داخوازییەکانیان و وڵام ‌نەدانەوەی بەرپرسانی حکوومەتی بە داواکارییەکانیان کۆتایییان بە مانگرتنەکەی خۆیان هێنا.

مانگرتنی دووکانداران و بازاڕیانی شارەکانی کوردستان، لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوەوە، بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان، زیادکردنی نرخی گومرۆکەکان دەستی پێ کرد و ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بانە، دووکانداران و بازاڕیانی مانگرتووی بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەی خۆیان بانگهێشت و هەڕەشەی لێ کردن.

لە بەشێکی بەیاننامەی بازاڕیانی مانگرتوودا هاتووە، تێپەڕینی ٢٥ ڕۆژ بە سەر مانگرتنی ئارام و لە سەرخۆ لە شاری بانە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هاووڵاتییانی تێگەیشتوومان ئەگەرچی لە دەوروبەری ئێران، لە بواری خەدەمات و ئیمکانات کەمتر پێیان ڕادەگەن، بەڵام شارستانییەت و فەرهەنگیان له بەراورد لەگەڵ ناوەندیترین شارەکان زیاتر مانای خۆی هەیە و شایانی ئەوەن کە نموونەیەکی بەرچاو بن لە پێکەوه ژیان و داخوازییە شارستانییەکاندا.

دەقی تەواوی ئەو بەیاننامەیە لە بەشی فارسی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا دایە.