باری تەندروستی کۆڵبەرێكی کورد لە مەترسیدایە

21:18 - 5 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: باری تەندروستی کۆڵبەرێکی کورد کە دڕکەپەتکی (نخاع) دووچاری زیان بووە ، لە مەترسیدایە و لە نەخۆشخانەی \"خومینی ورمێ\" خەوێندراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"سمکۆ ئەحمەدیان\" کۆڵبەری کوردی خەڵکی پیرانشار کە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حكوومەت بە سەختی بریندار و دڕکە پەتکی توشی زیان هاتووە و پێویستی بە نەشتەرگەری خێرا بۆ چارەسەری هەیەبەڵام ناوبراو هێشتا لە نەخۆشخانەی خومینی خەوێندراوە و چاوەڕوانی وەرگرتنی چارەسەری پێویستە.

\"سمکۆ ئەحمەدیان\" ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر لەگەڵ کۆمەڵێک لە کۆڵبەرانلە شاری پیرانشار دەکەونە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت و لە ئاکامدا ناوبراو و کۆڵبەرێكی تر بە ناوی \"ڕەحمان مەحموودنەژاد\" بە سەختی بریندار و کۆڵبەرێكی تر بە ناوی \"حەسەن مورادی\" گیانی لە دەست دەدات.

دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی مردنی \"حەسەن مورادی\" لە میدیاکاندا، هەیئەتێک لە ئیدارەی گشتیی ئیتڵاعاتی ورمێ سەردانی ماڵی ئەم کۆڵبەرە کوژراوەیان کردووە و بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە دەبێت لە هەموو چاوپێکەوتن و لێدوانێك لەگەڵ میدیاکان خۆببوێرن.

هێزەکانی ئیتڵاعات بە بنەماڵەی مورادیان ڕاگەیاندبوو کە سەرەخۆشییەکی بێدەنگ بەڕێوە ببەن و لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە و ناڕەزایەتی خەڵک لە بارەی پرسی گیان لە دەست دانی ئەو کۆڵبەرە پێشگیری بکەن.