بارودۆخی یەکێک لە بریندارەکانی خۆپیشاندانی مەهاباد کە بە چەکی ژ٣ تەقەی لێکرابوو، نالەبارە

17:35 - 7 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٥ی خەزەڵوەر، پاش بە خاکسپاردنی تەرمی "ئیسماعیل مەولوودی" خۆپێشاندانێکی بەرین لە مەهاباد بەڕێوە چوو و لە نێوان خەڵک و هێزەکانی حکوومەت شەڕ و تێکهەڵچوون ڕووی دا کە بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتی ژمارەیەک هاووڵاتی کوژران و بریندار بوون.

"سەلاح قادری" ناسراو بە سەلاح زەنجیری کوڕی "عەبدوڵڵا" یەکێک لەو کەسانە بوو کە لەو خۆپیشاندانانەدا بە چەکی ژ٣ بریندار کرا و دۆخی تەندروستی ناوبراو لە ئێستادا نالەبارە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە کوردپای ڕاگەیاند کە ئەو هاووڵاتییە لە گۆڕەپانی "ئیستقلال" و "فەلەکەی شۆڕش"، کراوەتە ئامانجی گوللـەی ژی٣ هێزە ئەمنییەتییەکان و ئێستا لە بارودۆخێکی نالەباردا ژیان بەسەر دەبات.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند ئەوانەی کە تەقەیان لەو هاووڵاتییە کردبوو، لە هێزە سەرکوتکەرەکانی بەسیج یا ئەندامانی سپای پاسداران بوونە.

ڕێژەی برینداربووانی شاری مەهاباد زۆرن و لە ئێستادا زیاتر لە ٢٠ کەس برینی قورسییان هەیە و دەیان کەس لەو بریندارانە لە ماڵەکاندا، پێڕاگەیشتنی پزیشکییان بۆ ئەنجام دەدرێت.

 هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی حکوومەت لەو خۆپیشاندانانەدا جگە لە چەکی ساچمەیی لە چەکی کلاشینکۆف و چەکی ژ٣ کە چەکی ڕێکخراویی ‌هێزەکانی حکوومەتی ئێرانن، کەڵکیان وەرگرتووە.

"سەلاح قادری" باوکی دوو منداڵە و هەنووکە لە نەخۆشخانەی "خومەینی" شاری مەهاباد، لە بەشی چاوەدێری تایبەتدایە.