بارودۆخی جیسمانی کۆڵبەرێکی سەرمابردووی خەڵکی شاری سەقز نالەباره

11:56 - 26 رێبەندان 2719

"ئەمیر سوهرابی" ناسراو به "ئەمیر تورجانی"، کە ڕۆژی هەینی، ١١ی ڕێبەندان، لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆڵبەران لە سنووری "سێکوچکە"ی سەقز، لەنێو بەفر و بۆراندا گیریان کردبوو، هەتا ئێستا دوو جار نەشتەرگەری بۆکراوە و بارودۆخی جەستەیی نالەبارە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "ئەو کۆڵبەرە کوردە، بەهۆی سەرمابردوویی، تووشی نەخۆشی بووە و هەتا ئێستا نەشتەرگەریی ڕێخۆڵەی بۆ کراوە؛ بەڵام کاریگەریی سەرما لە سەر پێست و زکی، دۆخی تەندروستیی ئەو کۆڵبەرەی خراپتر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە لە زمانی پزیشکەکان ڕایگەیاند: "سەرەڕای دوو جار نەشتەرگەریی ڕیخۆڵە، هەنووکە ڕێخۆڵەی نەشتەرگەری هەڵناگرێت و پزیشکەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەگەری گیان لەدەستدانی زۆرە".

ڕۆژی شەممە، ١٢ی ڕێبەندان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "عوسمان فتووحی" ناسراو بە "عوسمان عەلی مینا"، تەمەن ٥٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "مێشاو" و دانیشتووی گەڕەکی تازاوای سەقز، بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەست دا و هەروەها دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی ئەمیر سوهرابی و ئەمیر کەریم‌زادە، تووشی سەرمابردوویی بوون.