بارودۆخی کۆمەڵگەی کرێکاریی لەکوردستان (ساڵی ١٣٩٣)
ئاژانسی كوردپا: ساڵی ١٣٩٣ لەژێر ناوی \"اقتصاد و فرهنگ، با عزم ملی و مدیریت جهادی\" دەستی پێكرد، ئەگەر ئەو دروشمە بەوتەی خۆیان بۆ چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی ئێران هەتا رادەیەك بەرژەوەندی و بەختیاری بە دواوە بووە، بەڵام نەیتوانی قەیرانەكانی چینی كرێكاری لە ئێران تیمار و چارەسەر بكات.
كرێكار ئەو كەسەیە كە لە كۆمپانیا، كارگە و ... كار دەكات و لە هەمبەر ئەو كارەشدا هەقدەست وەردەگرێو هاوكاتیش گرێبەستێكی یاسایی لەگەڵ خاوەنكار هەیە، بەپێی ئەو رووداوە كرێكاری و ئاڵوگۆڕانەی كە لەساڵی ١٣٩٣دا سەبارەت بە دۆخی كرێكاران لە كوردستان و ئێراندا هاتە ئاراوە ئەو پێناسەیە خرایە زبڵدانی مێژووە و پێشێڵ كرا.
مەرگی كرێكارانی كورد، دیاری كردنی هەقدەستی كرێكاران، یاسا و رێسا كرێكارییەكان و وڵامدەر نەبوونیان لەپێوەندیی دۆخی كرێكاریی لەكوردستان، دۆخ و دەسەڵات سەندیكا كرێكارییەكان مانشێتی ئەو بابەتانەن كە ئەمڕۆ بۆتە پەرۆشی و دڵەڕاوكێی كرێكاران و ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بۆ تیشك خستنە زیاتری لە سەر دۆخی ئەو چینە زەحمەتكێشەی كوردستان ڕا و سەرنجی مەحموود ساڵحی چالاكی كرێكاری لەو راپۆرتەدا گونجاندووە.
قوربانی بوونی كرێكارانی كورد بە هۆی نەبوونی ئیمەنی كارەوە
بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەماوەی ساڵی ١٣٩٣دا، ١١٠ كرێكاری كورد بە رووداوی جۆراوجۆرەوە بوونە قوربانی و لە كۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٦٥ كەسیان گیانی لەدەست داوە.
بەپێی ئامارەكە لە كۆی گشتیی ئەو ١١٠ كرێكارە كوردە، نزیك بە ٦٠ كەسییان تەنیا لەكاتی كاركردن و بە هۆی رووداوی كارەوە بووە.
بە ریز بەربوونەوە لە بەرزایی، بەرق گرتوویی، بەركەوتنی كەرەسەی ئاسنینی و تیژ، لێدانی جەڵتە لەكاتی كاركردن، خنكان بە هۆی مادە ژەهراوییەكان(گاز) و داڕمانی بیناكان و ... لە هۆكارەكانی قوربانی بوونی كرێكاران لە كوردستان دێتە ئەژمار.
هەر لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٧٠٠ کرێکاری کورد( گرێبەست و فەرمیی) لە کارگە و کۆمپانیاکانی کوردستان لە لایەن خاوەنکارەکانەوە لەسەر کار دەرکراون.
ئەوەی جێگەی تێبینی و سەرنجی چالاكانی كرێكارییە، بێبەری بوونی كرێكارانی قوربانی و بنەماڵەكانیان لە مافی بیمەی كرێكارییە و لە زۆربەی حاڵەتەكاندا خاوەنكارەكان رێگرییان لە بیمەكردنی كرێكاران گرتووە و كاتێكیش بنەماڵەی قوربانیان بەدواداچوونیان بۆ ئەو پرسە كردووە لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەكانەوە هیچ وڵامێكیان وەرنەگرتۆتەوە.
لەو بارەیەوە مەحموود ساڵحی چالاكی كرێكاری خەڵكی شاری سەقز لە لێدوانێكدا بە هەواڵدەریی كوردپای راگەیاند، \"دیارە ئێمە رۆژانە شایەتی گیان لەدەست كرێكاران بە هۆی روودای كار لە هەموو دونیاداین، بەڵام ئەو پرسە لە ئێران زۆر جیاوازە هەر چەندە لە یاساكانی كاری ئێران ئاماژە بە ئیمەنی كار كراوە بەڵام زۆر بە كەمی كاری پێكراوە و زۆر جار هەبووە ئەو خاڵە یاساییە لەلایەن خاوەنكارەكانەوە بە هاوكاری ناوەندەپێوەندیدارەكانەوە پشت گوێخراوە و بەداخەوە هیچ ئەمنیەتێكی كاری دابین ناكەن\".
ساڵحی روونیشیكردەوە، كاتێك كە كرێكارێك گیان لەدەست دەدات لێژنەیەكی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە دانراوە و ئەگەر ئەو كرێكارە بە هۆی نەبوونی ئیمەنی كارەوە گیانی لەدەست دابێت ئەوە خاوەنكارەكە لەلایەن لێژنەكەوە سزا دەدرێت، هەر بۆیە هیچ كاتێك ئیمەنی بۆ چینی كرێكار بوونی نەبووە و خاوەنكار خۆی لە بیمەی كرێكاریش بواردووە و هیچ ناوەندێكیش ناتوانێ ئەو یاسایە بەڕێوە ببات و تەنانەت لە دەرەوەی ئێرانیش كرێكار گیانی لەدەست داوە و هیچ یاساییەك نەیگرتۆتەوە.
لەئاییننامەی ئەمنیەتی كاری حكوومەتی ئیسلامیی ئێراندا جەخت لە سەر دابین كردنی ئەمنیەتی كار بۆ كرێكاران لە كۆمپانیا و كارگەكاندا كراوە و بەپێی مادەی ١٣، ٨٥ و ٩١ لەو یاسایە پێویستە خاوەنكار سەرجەم خاڵەكانی نێو ئایین نامەكە لەبەر چاو بگرێت.
زۆربەی كرێكاران لە بوونی بیمە بێبەرین
لە مادەی ٥ لە یاسای بیمە كۆمەڵایەتی كرێكاران كە لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا هەموار كرایەوە هاتووە، پێویستە سەرجەم كرێكاران بە تایبەت كرێكارانی بینا سازیی لەلایەن خاوەنكارەكانەوە بیمە بكرێن و پێویستە لە لە سەدا ٧ی بیمەكە لە كرێكار و ٢٠%یش خاوەنكار دابینی بكات.
ساڵحی بەم جۆرە سەبارەت بە بیمە نەكردنی كرێكارن دوا، لەئێران دوو شێوە بیمە هەیە کە یەکێکیان بۆ بیمەکردنی خانووبەرە بەكار دێت و ئەوەی دیکەشیان بیمەی \"شخص ثالث\"ـە، لەو شێوە بیمەدا دەبێخاوەنكار قوربانیان قەرەبوو بكاتەوە و ئەمڕۆ دەیان كرێكار بەو كێشەیەوە گرفتار بووە و زۆر جار هەبووە كە خاوەنكار بە نهێنی و بە شەوانە كار دەكات و كرێكارانیش بیمە ناكات و هەر بۆیە كاتێك كرێكار دەبێتە قوربانی هیچ خزمەتگوزاری و بیمەیەك نایگرێتەوە\".
مەحموود ساڵحی وتیشی: خاوەنكار دەوڵەتی لە پشتە و هەمیشە پشتیوانی لە خاوەنكار كردووە و لە زۆربەی لێژنەكاندا مافی كرێكار پێشێڵ كراوە و ئێمە هەتا ئێستا نەمانبینیوە كە خاوەنكار بگرن یان سزای بدەن یان زیندانی بكەن بەڵام ئێمە بینیومانە كە كرێكارێك لە سەر دواكەوتنی مووچەكەی ناڕەزایەتی دەربڕیوە، زیندانی كراوە و لەگەڵ توندوتیژی و تۆمەتی ئەمنیەتی بەرەوڕوو بۆتەوە و بەرژەوەندی دەوڵەتیش لەوەدایە كە پشتیوانی لەخاوەنكار بكات.
ناڕەزایەتی كرێكاران بە دیاریكردنی هەقدەستەکانیان
لە حاڵێكدا كە بانكی ناوەندی هێڵی هەژار بۆ ساڵی ١٣٩٤ لە ئێران سێملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن راگەیەندراوە، شۆرای باڵای كار لانی زۆری هەقدەستی مانگانەی كرێكارانی بە ١٧% جیاوازی لەگەڵ ساڵی ٩٣، زیاتر لە حەوسەد هەزارتمەن دیاری كردووە.
بەپێی دوایین ئاماری ئیدارەی تەئمین ئیجتماعی تەنیا لە پارێزگای سنە ١٥٢ هەزار كەس بژێوی ژیانی ٦٠٨ ئەندامی بنەماڵە دابین دەكەن بوونی هەیە و بەم پێیە ئێستا جیاوازی هەقدەستەكانیان لەگەڵ هێڵی هەژاری زیاتر لە دوو ملیۆن تمەن و چالاكانی كرێكاری ئەوەیان بە كارەسات وەسف كردووە.
ئەو چالاكە كرێكارییەی شاری سەقز لەبارەی دیاریكردنی هەقدەستەكانەوە بە ئاژانسی كوردپای راگەیاند،\" لەئێران ناوەندی شۆرای باڵای كار هەیە كە لەخاوەنكار، دەوڵەت و نوێنەری كرێكار پێكهاتووە و نوێنەری كرێكار دەبێ رەخنەگری دەوڵەت بێت و لەراستیدا ئێمە لەگەڵ ئەوە موخالیفین كە نوێنەری كرێكار لەو هەیئەتەدا بێت و هەروەها باسمان لەوەش كردووە كە نابێنوێنەری كرێكار لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی كارەوە دیاری بكرێ.
مەحموود ساڵحی رای وابوو كە ئەو هەدقدەستە كە لەبەرچا گیراوە وڵامدەر نیە و كاتێك كە نان ٣٥% گران بووە ئەو ١٧% وڵامدەر نیە و بەپێی یاسایی \"جیاوازی هەقدەست\" و ئەو هەڵاوسانەی كە هەیە دەبێهەقدەستی كرێكار زۆر لەوانە كە باس دەكرێزیاتر بێت و چەند ساڵ لەمەوبەر یاسای \" مەوداو و جیاوازی هەقدەست\" هاتە بەرباس و هەوڵ درا كە كاری پێبكرێ، بەڵام دواتر ناوەندە پێوەندیدارەكان رایانگەیاند كە ئێمە \" جیاوازی هەقدەستمان\" بۆ پڕ ناكرێتەوە.
دۆخی سەندیکا و دامەزراوە کرێکارییەکان
ساڵحی پێیوابوو كە ئێستا لەئێران و كوردستان هیچ سەندیكا یان دامەزراوەیەكی تایبەت بەكرێكاری بوونی نیە كە پشتیوانی لەكرێكار بكات و ئەگەریش هەیە هیچ پێوەندییەكیان بە چینی كرێكارەو نیە لە شارەكان ئەنجومەنی كرێكاریی هەیە و ئەوانیش لەژێر سەیتەرەی ١١٣ دان و بێئەوان ناتوانن قامكیش بخەنە نێو ئاوەوە، ئێستا زیاتر لە چوار مانگە هەقدەستی بەشێك لەكرێكاران نەدراوە بەڵام ئەو ئەنجومەنانە ئامادە نین بەرژەوەندی خۆیان بخەنە مەترسییەوە و وەكوو چالاكانی كرێكاریش ئێمە قوربانیمان داوە و زیندانی كراون.
مەحموود ساڵحی لەوڵامی هەواڵنێری كوردپا كە پێوەندیی نێوان توێژی مامۆستا و چینی كرێكار لەچ ئاستێك دایە؟ باسی لەوە كرد، كرێكاران هەمیشە خۆیان لەئاستی مامۆستایاندا بینیوەتەوە و هیچ جیاوازێكمان دانەناوە، بەڵام بە داخەوە مامۆستایان خۆیان لەئاستی كرێكارندا نابینەوە و خۆیان بە توێژی كارمەند و فەرهەنگی زانیوە
ساڵحی وتیشی: من نموونەیەک دێنمەوە زۆر جار هەبووە كە مامۆستا داخوازی هەبووە و ویستوویەتی ناڕەزایەتی دەرببڕێپێیان وتوون كە تەنیا دەتوانن بچنە حەوشەی خوێندنگە یان پەروەردە ناڕەزایەتیی دەرببڕن بۆ ئەوەی كرێكاران ئاگادار نەبن و پشتیوانیتان لێنەكەن و بەداخەوە دەوڵەت ئەو فەرهەنگەی كە ئێوە كارمەند و رووناكبیرن و چینی كرێكاریش \"كرێكارن\" لەنێو مامۆستایاندا جێی خستووە.