بارودۆخی ژنە زیندانییەکی کورد لە زیندانی ورمێ نالەبارە

14:01 - 18 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: ژنە زیندانییەکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، کە زیاتر لە دوو حەوتوو لە دەسبەسەری دایە، بارودۆخی تەندروستی نالەبارە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕووناک ئاقایی پاش ١٥ ڕۆژ لە دەسبەسەر کرانی هێشتا لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ دایە و چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە.

یەکێک لە نزیکانی ڕووناک ئاقایی لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ڕووناک ئاقایی لە زیندان تووشی نەخۆشی بووە و باری تەندروستی باش نییە و بەرپرسانی زیندانیش ئیزنی چوون بۆ نەخۆشخانەی پێ نادەن.

\"\"بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، سەرەڕای ئەوەیکە بارودۆخی تەندروستی ناوبراو نالەبارە، بەرپرسانی زیندان لە دانی زانیاریی لە سەر نەخۆشینی ڕووناک ئاقایی خۆیان دەبوێرن.

ئەوە سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاند: بەرپرسانی زیندان تەنانەت ئیزنی چوون بۆ بێهداریان بە ڕووناک ئاقایی نەداوە و ئەگەر هەر بەو شێوە بڕواتە پێشی ئەگەری گیان لە دەستدانی هەیە.

ئەوسرچاوەیە هەروەها بۆئاژانسی کوردپا ئەوەشی خستەڕوو، هەتا ئێستا بەرپرسانی زیندان ئیزنی چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی لەگەڵ ڕووناک ئاقایان نەداوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری مەهاباد، ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەزبەر، ڕووناک ئاقایی بە تۆمەتی بەرز کردنەوەی ئاڵای کوردستان لە شایی و خۆشی هاووڵاتییانی کورد لە پرۆسەی سەرکەوتنی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەسبەسەر کردبوو.

سەرەڕای هەوڵی هاووڵاتییانی خەڵکی شاری مەهاباد، هێزە ئیتلاعاتییەکان و سپای پاسدران بە چاو و دەستبەستراوەیی ئەو ژنە کوردەیان دەسبەسەر و لەگەڵ خۆیان بردبوویان.

لیکی پەیوەندیدار:
چارەنووسی ژنه هاووڵاتییەکی کوردناڕوونه