بارودۆخی چالاکێکی فەرهەنگیی خەڵکی کرماشان لە گرتووخانە نالەبارە

20:58 - 8 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: تەندروستیی چالاکێکی فەرهەنگیی دەسبەسەرکراوی کورد خەڵکی شاری کەنگاوەر لە پارێزگای کرماشان ، لە مەترسیی جیددی دایە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بارودۆخی جیسمانیی ئەندازیار \"مستەفا باقری ئاشنا\" دانیشتووی شاری کەنگاوەر، ئەندامی نیزامی ئەندازیاریی شاری کرماشان کە لە زیندانی دێزڵاوای شاری کرماشان دایە، نالەبار ڕاگەیاندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی دێزڵاوای شاری کرماشان، ئەم چالاکە فەرهەنگییە کە لە نەخۆشیی دڵی هەیە،لە چاوەدێریکردنی پێویستی پزشکی بێبەرییە و لە ژێر گوشاری تووندی مەئموورانی زیندان دایە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەم چالاکە فەرهەنگییە لە سەرەتای دەیەی ٩٠ی هەتاوی، بە هۆی نەخۆشیی دڵ، نەشتەگەریی دڵی کردووە و لە بارودۆخێکی تایبەتی پزیشکی دایە.

هەروەها لە دوای نەبوونی چاوەدێری پزیشکی بۆ ناوبراو، \"باقری ئاشنا\" تووشی لێدانی ناڕێکوپێکی دڵ بووە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، ناوبراو لەگەڵ کەمکردنی کێش بەڕووڕوو بووتەوە.

ئەو سەرچاوەیە پێداگری لە سەر ئەوە دەکات کە، لێکۆڵەرانی زیندان و ناوەندە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لەم چالاکە فەرهەنگییە کردووە کە لە ئەگەری هاوکاری نەکردنیان، لە دەستپێراگەیشتن بە دەوا و دەرمان بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەی بێبەری دەکڕیت.

شەوی پێنجشەممە ١٤ی پووشپەڕ، \"ئەندازیار مستەفا باقری ئاشنا\" دانیشتووی شاری کەنگاوەر و ئەندامی نیزامی ئەندازیاریی شاری کرماشان، \"سەید ئەردەشێر مووسەوی\"، خەڵکی کرماشان کارناسی زانستی سیاسی، \"مێهدی ئازادبەخت\" خەڵکی شاری لوڕستان وێنەگر، \"ئەندازیار بیژەن هیمەتی\" خەڵکی شاری کرماشان و \"شەهریار تەهماسبی \"کارناسی کۆمەڵناسی، خەڵکی شاری کرماشان لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی \"خوێندەوان\" لە لایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراون.