بارودۆخی پەناخوازان لە سنووری نێوان تورکیە و یوونان/ وتووێژ لەگەڵ "هیوا مەولانیا"

12:16 - 12 رەشەمه 2719

لە حەوتووی ڕابردوودا، دەوڵەتی تورکیە سنووری خۆی بەڕووی پەناخوازەکان بۆ ڕۆیشتن بۆ ئورووپا کردەوە و لە هەمان کاتدا، وڵاتی یوونان سنووری وڵاتەکەی لەسەر پەناخوازەکان داخستووە. خەڵکی زۆر لە سنووری نێوان هەر دوو وڵاتی تورکیە و یوونان ماونەتەوە و پۆلیسی یوونانیش بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشی کردووەتە سەر پەناخوازەکان و هەروەها دەوڵەتی تورکیەش ئیزنی گەڕانەوەی ئەو پەناخوازانە بۆ وڵاتەکەی نادات و هەنووکە چارەنووسی پەناخوازەکان ناڕوونە.

لەو پەیوەندییەدا، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەگەڵ "هیوا مەولانیا"، یەکێک لە پەناخوازەکان و ئاگادار لە بارودۆخی پەناخوازەکانی وڵاتی تورکیە و هەروەها ئەو پەناخوازانە کە بە نیازی ڕۆیشن بۆ ئورووپا بوون، وتووێژێکی پێک هێناوە.

"هیوا مەولانیا" لە وڵامی پرسیاری ئاژانسی کوردپا کە "ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لەم چەند ڕۆژەدا بە نیازی ڕۆیشتن بۆ ئورووپا بوون چەند هەزار کەس بوون، ڕایگەیاند:

زیاتر لە ٣٧ هەزار پەناخواز کە بە نیاز بوون بچن بۆ ئورووپا، هەنووکە لە سنووری یوونان و تورکیە ماونەتەوە، چارەنووسیان ناڕوونە، دەوڵەتی تورکیە ڕایگەیاندووە ئیزنی گەڕانەوە بەو پەناخوازانە بۆ وڵاتەکەیان نادات، ئەمەش بۆ دوو فاکت دەگەڕێتەوە، سەرۆک وەزیرانی تورکیە لە پەناخوازەکان وەکوو کارتێکی گوشار لە دژی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە کار کەڵک وەردەگرێت کە دەبێ گوێڕایەڵی من بن ئەگەرنا سنوورەکانم بە ڕووی پەناخوازەکاندا دەکەمەوە. فاکتەرێکی دیکە ئەوەیە کە لە خاریج لە دەرەوەی سنوورەکانی جوغرافیای تورکیەیە کە ئەویش شەڕی نێوان تورکیە و سووریەیە کە دەیهەوێت لەو ڕێگایەوە، سەرنجی وڵاتانی ئورووپا، بەتایبەتی ناتۆ بۆ لای وڵاتەکەی ڕابکێشێت و داکۆکیی لێبکەن و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەیکە پەناخوازەکان ببنە قوربانیی سووتەمەنیی وڵاتان.

"هیوا مەولانیا" لە وڵامی پرسیارێکی دیکەی ئاژانسی کوردپا کە "ڕێژەی کوردە پەناخوازە ڕۆژهەڵاتییەکان چەند کەس دەبن و ڕێژەکەیان زۆرە یان کەم"، ڕایگەیاند:

بەڵی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی پەناخوازی کوردی ڕۆژهەڵات ڕۆیشتوون کە هەرچەندە بە دیاریکراوی نازانم کە ڕێژەکەیان زۆرە یان کەم، چوونکە بەگشتی ژمارەیەک زۆر لە هاووڵاتییانی کوردی ڕۆژهەڵات، سەر بە لایەنە سیاسییەکان نیشتەجێی تورکیەن، بەڵام ئەوەندە من ئاگادارم  کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە شاری وان نزیکەی ١٠ کەس بوون کە ڕۆیشتوون و هەنووکە لە سنووری نێوان تورکیە و یوونان ماونەتەوە و ڕێگای گەڕانەوەشیان نییە.

ئەو پەناخوازە کوردە هەروەها لە وڵامی پرسیارێکی دیکەی ئاژانسی کوردپا کە "ئەو کوردانەی ڕۆژهەڵات لەوێن و قەبووڵیی ئورووپایان بۆ هاتووەتەوە، هەتا ئێستا لەلایەن یووئێنەوە چییان بۆ کراوە و ئەگەر قەبووڵی وەڵاتی سێیەمیان وەرگرتووە، بۆچی هەتا ئێستا نەڕۆیشتوون"، ڕایگەیاند:

یووئێن بە عەمەلەن تەنیا ناوێکی هەیە، ساختارێکی فیزیكیی هەیە، چوونکە دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نییە، بە تایبەت لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە کە کۆی دەسەڵاتی یووئێن کەوتووەتەوە ژێر دەسەڵاتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیە و ئەو ئیدارەیەش بە شێوەی سەلیقەیی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو پرسە دەکات کە ئەمەش بووەتە گەورەترین کێشە. تەنیا بەهاییەکان و مەسیحییەکان ڕەوانەی وڵاتانی سێیەم لەلایەن یووئێنەوە دەکرێن و ئەمەش جیاوازییەکی زۆری دروست کردووە و لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە هەتا ئێستا لە ڕێگای یووئێنەوە کوردێک لە تورکیە ڕەوانەی ئورووپا نەکراوە.

"هیوا مەولانیا" لە وڵامێکی پرسیاری کوردپا "سەبارەت بە بڕینی پارەی دەوا و دەرمانی پەناخوازەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە" بەم چەشنە بە ئاژانسی کوردپای ڕایگەیاند:

نزیکەی ٣ مانگ دەبێت کە زۆربەی هەر زۆری ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە سەرەوەی ١٨ ساڵ دەبێت، بیمەی هەموویان قەتع کراوە، لە بواری دەوا و دەرمان بیمەمان هەبووە کە کەسێک تووشی نەخۆشی دەبوو پێڕاگەیشتنی هەبووە، پارەی ویزیت و پزیشکت نەدەدا، پارەی دەرمانخانە تەخفیفی هەبوو، بەڵام لە سێ مانگی ڕابردوودا، ئەو پارەیان قەتع کردووە کە بووەتە هۆی کێشەیەک بۆ هەموو پەناخوازەکان، سەرەڕای بەدواداچوون بۆ قەتعکردنی پارەی بیمە سەردانی یووئێن و لایەنە پەیوەندییدارەکانمان کردووە کە پێیان ڕاگەیاندووین پارەی بیمە بە دەستی ئێمە نییە و لە دەستی دەوڵەتی تورکیەدایە. دەوڵەتی تورکیە لەو بارەیەوە دەڵێت، ئێمە دەبێ وتووێژتان لەگەڵ بکەین، لە ئەگەری قەبووڵ بوون لەو وتووێژە، ئەو کات پارەی دەوا و دەرمان و بیمەتان دەدەن. بۆ نموونە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی لێرە نەخۆشیی دڵی هەیە، بەهۆی بڕینی پارەی بیمە تووشی کێشە بووە و دەبێ لەسەر تێچووی خۆی  سەردانی شاری ئانکارا بکات کە لە بواری ماڵییەوە زۆر بارودۆخی نالەبارە و تەنانەت توانای کارکردنی نییە.

ئەو پەناخوازە کوردە هەروەها "سەبارەت بە دوایین پرسیاری کوردپا کە ئایا هەتا ئێستا ناوەندە مافی مرۆییەکان لەو پەیوەندییەدا، هەنگاوێکی بە کردەوەیان بۆ هەڵگرتوون یان نە" بەم شێوەیە بۆ ئاژانسی کوردپا دوا:

ناوەندە مافی مرۆییەکان کاریان کردووە، بەڵام کاریان زۆر کەم بووە، بۆ نموونە چەند هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵات زیندانیی سیاسی بوون و ڕوویان لە وڵاتی تورکیە کردووە، هەتا ئێستا هیچ ناوەندێکی مافی مرۆیی هیچ ئاوڕێکی لێنەداوەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا، خەڵکانێکی دیکە هەبوون کە کەیسی سیاسییان نەبووە، بەتایبەت لەنێو فارسەکاندا، بەڵام بە حوکمی ئەوەیکە لابیان زۆر بەهێز بووە، لە ماوەیەكی کەمدا قەبووڵی وڵاتانیان بۆ هاتووەتەوە و تەنانەت کەسی واش هەبووە کە پاسپۆرتی نەبووە و لە ماوەیەکی کەمدا گوازراوەتەوە بۆ وڵاتی سێیەم، لێرە بەنیسبەت کوردەکان لەگەڵ خەڵکانی دیکە جیاوازییەکی زۆر هەیە، بارودۆخی ئێمە لەم ژینگەیە زۆر نالەبارە و ڕوون نییە چارەنووسمان چی لێ بەسەر دێت.