بارودۆخی پرۆژەی ئاوەدانی لە ئێلام نالەبارە

21:02 - 5 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: کتێبخانەی ناوەندیی پاڕیزگای ئیلام بە هۆی پشت‌گوێ‌خستن و گوێ پێنەدانی بەرپرسانی حکوومەتی پاش ١٥ ساڵ هێشتا تەواو نەکراوە.

مورداد جەلیلیان بە هەواڵدەریی ئیسنا ڕاگەیاند: پرۆژەی کتێبخانەی ناوەندیی شاری ئیسلام لە ساڵی ١٣٨٠ی هەتاویەوە بەردی بناغەی دانراوە بەڵام هەتا ئێستا ئەو پرۆژەیە بە هۆی پشت‌گوێ‌خستنی بەرپرسانەوە تەواو نەکراوە.

بەوتەی جەلیلیان، ڕووبەری ئەو کتێبخانە ٣هەزار و ٥٠٠ مێتر چوار گۆشەیە، کە بەپێی ژماردنی بەڵێندەرانی ئەو گەڵاڵەیە، ٢ میلیارد تمەن بودجە پێویستە هەتا بینای فەرهەنگی ـ زانستی بە تەواوەتی کۆتایی پێ بێت.

پارێزگای ئیلام بە حەشیمەتی ٥٤٠ هەزار کەسەوە لە بوونی هۆڵی فەرهەنگی ‌بێ‌بەرییە و هەتا ئێستا ئەم بابەتە لە لایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە.