بارودۆخی نالەباری لێڕەوار و دارستانەکانی زاگرۆس

13:29 - 17 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: لێپرسراوێکی سەرچاوە سەروشتییەکانی وڵاتی ئێران، لەناوچوونی ٣٠٠ هەزار هێکتاری لە لێڕەوار و دارستانەکانی ئەو وڵاتەی پژڕاست کردۆتەوە.

رۆژنامەی \"حمایت\" لە راپۆرتێکدا باسی لە دارستان و لێڕەوارەکانی ئێرانی کردووە و بڵاوی کردۆتەوە کەلە ماوەی ٥٠ ساڵی رابردوودا ١٥ میلیۆن هێکتار لە رووبەری لێڕەوارە دەست‌نیا و سرووشتیەکانی ئێران لە ناوچوون.

دوکتور \"هادی کیادلیری\"، بەرپرسی ئەنجومەنی سەرچاوە سروشتییەکانی ئێران رایگەیاندووە، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا نزیک بە ٣٣٠ هێکتار لە لێڕەوار و دارستانەکانی رۆژاوای ئێران بەرەوڕووی لە ناوچوون بوونەتەوە.

\"11431.jpg\"
ناوبراو بەها و نرخی ئەو لێڕەوار و دارستانانەی لە بواری دابین کردن و راگرتنی ئاو ٣٠٠ میلیۆن دۆلار، گەشتیاری ٤٠ میلیۆن دۆلار و بۆ کەڵکی نەججاڕی و دارتاشی ٢٠ میلیۆن دۆلار مەزندە کردووە.

لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە کە ساڵانە ١٠٠ هەزار هێکتار لە دارستانەکانی ئێران لە ناوچوون بە شێوەیەک کە لەماوەی ٥٠ ساڵی رابردوودا نزیک بە ٣٠٠ میلیۆن هێکتار لەو لێڕەوارانە بوونەتە چۆڵگە.

لەلایەکی دیکەوە دارستانەکانی رۆژاوای ئێران لە ئوستانەکانی ئازەربایجانی رۆژاوا، کوردستان، کرماشان، ئیلام و لوڕستان زیاتر لە ٤٠%ی ئاوی وڵاتی ئێران دابین دەکەن.