بارودۆخی نالەباری زیندانیانی کورد لە زیندانی کرماشان

22:35 - 31 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە رۆژانی مانگی رەمەزاندا بەرپرسانی زیندانی \"دیزڵ ئاباد\"ی کرماشان فشاریان بۆ سەر زیندانیان زیاتر کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بارودخی زیندانیانی زیندانی دیزڵ ئاباد لە دەستپێکی رەمەزانەوە رووی لە خراپی کردووە، بەشێوەیەک کە لە رۆژدا تەنیا نان و لەتێک بە هەر زیندانییەک ئەدرێت.

ئەوەش لە حاڵێک دایە کە بەرپرسانی زیندان نەتەنیا خواردنی ژەمەکانی بەیانی و نیوەڕۆ بە زیندانیان نادەن و بەڵکوو بە چەندین بەرابەری نرخەکانی بازار، خواردن بە زیندانیان دەفرۆشن و ئەمەش سەرجەم زیندانیانی بەرەوڕووی برسیەتی کردۆتەوە.

زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان لە ٩ بەند پێکهاتووە ٢ هەتا ٣ هەزار زیندانیی لە خۆ گرتووەو نزیک بە ٣٠٠ زیندانیی سیاسی تێدا دەستبەسەرن و لانیکەم ٥٠٠ کەس بە تاوانی جۆراوجۆر حوکمی سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە.

هەروەها رۆژی ١٧ی پووشپەڕ ٣ هاووڵاتیی کورد لە زیندانی دیزڵ ئاباد لە سێدارە دران و بەم شێوەیە ئاماری ئێعدام کرانی هاووڵاتییانی کورد لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لەو زیندانە گەیشتە ١١ کەس.