بارودۆخی نالەباری دارستانی زاگرۆس، ١٢ ئوستانداری ئێرانی دەکێشێتە ئیلام

15:37 - 19 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: ١٢ ئوستانداری شارە جیاجیاکانی ئێران، بۆ رێگری لەرەوتی وشکبوونی داربەڕووەکانی زاگرۆس، سەردانی ئیلام دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە رۆژانی چوارشەممە و پێنج‌شەممەی ئەم حەفتەیەدا ١٢ ئوستانداری شارە جیاجیاکانی وڵاتی ئێران بەمەبەستی تاوتوێ کردن و دۆزینەوەی رێکاری زانستی سەبارەت بە بەردەوامیی رەوتی وشکبوونی دار بەڕووی نیو دارستانەکانی زاگرۆس، لە شاری ئیلام کۆدەبنەوە.

لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە هەتا ئێستا ئەنجامدراون، ١٨٠ هەزار هیکتار لە رووبەری ١ ملوێن و ١٦٩ هەزار هیکتاریی لێڕەوارەکانی دو وئوستانی ئیلام و کرماشان وشکبوون.

بەرپرسی گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئوستانی ئیلام، پێشتر راگەیاندبوو؛ لە چەند ساڵ پێش ئێستاوە زیاتر لە ١٠٠ هەزار هیکتار رووبەری لێڕەوارەکانی ئوستانی ئیلام، کە داری بەروون، بە تەواوەتی وشک بوون.

ئوستانی ئیلام، کە بە بووکی زاگرۆس دەناسرێ، زیاتر لە ٦٤٠ هەزار هیکتاری لێڕەوار هەیە، کە لەسەدا ٩٠ی ئەو لێڕەوارە بە داری بەڕوو داپۆشراوەو بە بەراورد لەگەڵ ئوستانەکانی دیکەی ناوجەی زاگرۆس، زۆرترین رووبەری دار بەڕووەکانی لێ وشکبووە.

ناوچەی زاگرۆس رووبەری دارستانی ١١ ئوستانی ئیلام، ورمێ، کوردستان، کرماشان، لوڕستان، فارس و هتد... لە خۆ دەگرێ و زیاتر لە ١٨٠ جۆر گژ و گیا دار و بنچکە داری تێدا شناسایی کراوە.