بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا گوڕانی بنەڕەتی بەسەردا نەهاتووە

14:33 - 22 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: ڕێپۆرتێری مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرلەنوێ دۆخی مافی مرۆڤ بەتایبەتی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی دایە بەر ڕەخنە.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حکوومەتی ئیسلامیی لە ساڵی ٢٠١٥ زایینیدا، ٩٦٦ هاووڵاتی ئێرانی لەسێدارە داوە کە بە وتەی ئەحمەد شەهید بەرزترین ڕێژەی ئیعدامە لە دوو دەیەی ڕابردوودا.

ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە،20ی ڕەشەممە، شاری ژنێڤ میوانداری لە ڕێپۆرتێری مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران کرد کە ناوبراو لەوێدا ٤ بابەتی سەرەکی باس کرد.

ئەحمەد شەهید ڕایگەیاند کە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ بە لانیکەم ١٦ مێرمنداڵ لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە ئیعدام کراون کە زۆرترین ئامار لە ٥ ساڵی ڕابردوودایە.

ناوبراو لەم پێوەندییەدا، ڕاستەخۆ حکوومەتی ئیسلامی بە پێشێل کردنی یاسای نێودەوڵەتی تۆمەتبار کرد.

لە ڕاپۆرتە ٢٢ لاپەڕەییەکەی ئەحمەد شەهیددا کە زیاتر ڕووی لە دەزگای دادوەریی ژێر دەسەڵاتی ڕێبەریدایە، هاتووە: بە شێوەی بەردەوام ڕاپۆرتگەلێک لە زیندانیی تاکەکەسی درێژخایەن، ئەشکەنجە، دانپێدانانی زۆرەملێ و دەستڕانەگیشتن بە پارێزەر دەگاتە دەستم.

هەر لەو ڕاپۆرتەدا باس لە دەستبەسەر کردنی ٦ نووسەر و هونەرمەند، ٢٢ ڕۆژنامەوان و ٢٣ چالاکی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا کراوە.

سەبارەت بە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی ئێرانیش وتراوە کە سەرکوتی ئازادی ڕادەربڕین و دۆخی نالەبار و زەختی ناوەندە ئەمنییەکان ڕووی لەزیاد بوونە.

کۆمەڵگای بەهاییەکان و پێشلکرانی مافەکانیان لە بەشە سەرەکییەکانی ئەو ڕاپۆرتە بوو کە نوێنەری شووڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان پەرژایە سەری.

ئەحمەد شەهید کە ٥ ساڵە وەک ڕێپۆرتێری مافی مرۆڤی بۆ ئێران دیاری کراوە لە دەسەڵاتبەدەستانی ئەو حکوومەت دەخوازێت کە پێداچوونەوە بە هەڵاواردنە یاساییەکان دژبە ژنان بکات.

حکوومەتی ئیسلامی تاکوو ئێستا ئیزنی هاتنی ڕێپۆرتێری مافی مرۆڤی بۆ ئێران نەداوە و ماوەیەکی دیکەش شووڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بەردەوامی کاری ئەحمەد شەهید دانیشتنی هەیە.