بارودۆخی شاری مێژوویی کەنگاوەر لە زوومی کامێراوە + وێنــە

14:18 - 1 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: شاری کەنگاوەر بە حەشیمەتی ٧٢ هەزار کەسەوە بەرەوڕووی نابەرپرسیارەتیی شارەوانی و نەبوونی خزمەتگوزاری بۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بارودۆخی شاری کەنگاوەری سەربە ئوستانی کرماشان بە هۆی پاشماوە و زبڵەوە نە تەنیا سیمای شارستانییەتی خۆی لەدەست داوە، بەڵکوو بوونی ئەو رێژەیە لە زبڵ کێشەی بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری کەنگاوەرەوە باس لەوە دەکات، داکوتانی بەردەوامی پلاکارد و هەروەها پۆستێری تەبلیغاتی لە شوێن و شەقامە گشتییەکان، ئەم شارەی وێچووی زبڵدان کردووە و لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا هیچ کام لە بەرپرسانی شارەوانی نەیانتوانیوە ئەم گرفتانە چارەسەر بکەن.

کەرەسەی بیناسازی، زبڵ و پاشماوە لە کۆڵانەکان و خوڵی چاڵ و بیرە هەڵکەندراوەکان، بوونەتە دیمەنی رۆژانەی شاری کەنگاوەر، ئەمەش لە حاڵێک دایە کە شاری کەنگاوەر نەتەنیا پەرستگەی ئاناهیتای لێ هەڵکەوتووە، بەڵکوو مێژووەکەی بۆ زیاتر لە ٨ هەزار سال پیش ئێستا دەگەڕێتەوە.

ئەم دۆخە نالەبارەی شاری کەنگاوەر لە کاتێک دایە کە شارەوانیی ئەو شارە لەماوەی ٣ ساڵی رابردوودا وەک شارەوانیی نموونە هەڵبژێردراون و ئەندامانی شۆرای شارەوانیی ئەو شارە شانازی بەخۆیانەوە دەکەن.

بوونی پەرستگەی ئاناهیتا، کە بە دووەمین بینای بەردین لە پاش تەختی جەمشید، دادەنرێ و سەرەڕای راکێشان و سەردانی دەیان گەشتیار بۆ ئەو شارە نەتەنیا نەبۆتە هۆی ئاوەدان کردنەوە، بەڵکوو ئەو شارە بە دەست نابەرپرسیارەتی بەرپرسانی حکوومەتییەوە دەناڵێنێ و تەنانەت رەنگی کەلاوەی بەخۆیەوە گرتووە.

بوونی زبڵ و پاشماوە لە پەرستگەی ئاناهیتا لە ساڵی رابردوودا گەیشتبووە ئاستێک کە ژنانی شاری کەنگاوەر لە رەشەممەی ساڵی رابردوودا بە شێوەی خۆڕسک ئەو پەرستگەیان خاوێن کردەوە.

شارەوانیی شاری کەنگاوەر ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی دامەزراوە.

مێژووی دروستکرانی پەرستگەی ئاناهیتا بۆ سەردەمی ساسانی و ئەشکانییەکان دەگەڕێتەوە و بە رووبەری ٢٢٠ میتر درێژی و ٢١٠ میتر پاناییەوە، لە شاری \"کەنگاوەر\"ی سەربە ئوستانی کرماشان هەڵکەوتووە.

وشەی ئاناهیتا بە واتای \"فریشتە، پاسەوانی ئاو، فراوانی و جوانی\"یە و ئەمەش پەیوەندی بە بوونی کۆمەڵێک کانیاو لە دەوروبەری ئەو پەرستگەیەوە هەیە.
\"15545.jpg\"

\"15547.jpg\"

\"15546.jpg\"

\"15543.jpg\"

\"15542.jpg\"

\"15544.jpg\"

\"15540.jpg\"

\"15553.jpg\"

\"15552.jpg\"

\"15550.jpg\"

\"15551.jpg\"

\"15548.jpg\"

\"15549.jpg\"