بارودۆخی زیندانییەکی سیاسیی کورد پاش مانگرتنگەی نالەبار ڕاگەیەندراوە

11:05 - 4 رەشەمه 2719

بارودۆخی جەستەیی زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "سەلام مەردان" کوڕی "خالید"، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "سەوجە" سەر بە شاری شنۆ، لە زیندانی ورمێ، بەهۆی مانگرتن لە خواردن نالەبار ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە بەهۆی مانگرتن لە خواردن تووشی لاوازی بووە و بەرپرسانی زیندانی ورمێ، بەنیسبەت باری تەندروستیی ئەو زیندانییە کوردە کەمتەرخەمن.

ڕۆژی شەممە، ١٢ی ڕێبەندان، "سەلام مەردان" بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە ناڕوونیی چارەنووسی، مانی لە خواردن گرتووە، ئەو زیندانییە بۆ حەوتەمین کەڕەت بۆ دادگاییکردن ڕەوانەی دادگا کراوە و هەتا ئێستا حوکمی ئەو زیندانییە دەرنەکراوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان، ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، ئەو هاووڵاتییەیان لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرد و بۆ یەکەمجار توانیبووی ڕۆژی دووشەممە، ٣ی بەفرانباری هەمان ساڵ، بۆ ماوەی ١٠ خولەک لەگەڵ بنەماڵەکەی چاوپێکەوتن بکات.