بارودۆخی زیندانییەکی سیاسی کورد نالەبارە

14:01 - 4 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری \"مەسجد سلێمان\"، بە هۆی نەخۆشییەوە لە دۆخێکی نالەبار ژیان بە سەر دەبات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی ڕەشەممە، چەنگیز قەدەمخێر، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی شاری مەسجد سلێمان، بە هۆی نالەباربوونی باری تەندروستیی جەستەیی، ڕەوانەی دەرەوەی زیندان کرا و پاش چارەسەریی پزیشکی هێنراوەتەوە بۆ زیندان.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، کە بە هۆی نەخۆشینی گورچیلە ئازار دەچێژێت، بەرپرسانی زیندانی مەسجد سلێمان بەبێ ئەوەی کە قۆناغی چارەسەریی پزیشکی تەواو بێت، چەنگیز قەدەمخێریان، گەڕاندووەتەوە بۆ زیندان .

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، پزیشکان سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، هۆشدارییان بە بەرپرسانی زیندانی مەسجد سلێمان داوە و ڕایانگەیاندووە، لە ئەگەری چارەسەر نەکردنی نەخۆشینی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە شەش مانگی داهاتوودا، لەگەڵ مەترسی جیددی جەستەیی بەرەوڕوو دەبێتەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ماوەی چەند ساڵێکە تووشی نەخۆشی گورچیلە بووە و هەتا ئێستە بەرپرسانی زیندان ڕەزامەندیی خۆیان لەسەر چارەسەریی پزیشکی ناوبراو لە دەرەوەی زیندان دەرنەبڕیوە.

چەنگیز قەدەمخێر خەڵكی كامیارانە و مانگی جۆزەردانی ١٣٩٠ لە دەوروبەری شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتیییەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر كرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە، لە لایەن دەزگای قەزاییی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، بە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و ئەندامەتی لە حیزبێكی كوردیدا\"، بە ٤٠ ساڵ زیندان مەحكووم کراوە.

شایانی باسە، مەسجد سلێمان لە مەودای ٤٧٠ کیلۆمێتری شوێنی لەدایکبوونی ئەو زیندانییە کوردەیە.