بارودۆخی زیندانیانی سیاسی زیندانی ورمێ هەژێنەره

22:10 - 15 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: بارودۆخی زیندانیانی سیاسی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە بواری پێداویستی و بێهداشت وەک پێویست نییە و زۆر نالەبارە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانیانی سیاسی لە بەندی ١٢ی زیندانی ورمێ ڕاگیراون.

هەواڵنێری کوردپا لەبارەی زیندانی \"ورمێ‌\"وە ڕایگەیاند: \"عوسمان مستەفاپوور، هیدایەت عەبدوڵڵاپور، ئەمیر پەیغامی، عەلی ئاراستە، ئازاد محەممەدی و سەعید سەنگەر لە کوپەی ٥ و ئیبراهیم عیساپوور، سامان نەسیم، مەولوود یەزدان پەنا، کەیوان مستەفاپوور لەگەڵ زیندانیانی دیکەی بەشەکانی دیکەی کوردستان لە کوپەی ٣دا ڕاگیراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی کوردپادا ڕایگەیاند: \" زیندانیانی تاوانبار بە ئەندامبوونیان لەگەڵ داعش، ئەنسارولئیسلامیش لە بەندی ١٢ یان هەمان بەندی زیندانیانی سیاسی‌دا ڕادەگیرێن\".

ئەم سەرچاوە ڕایگەیاند: \"بەندی سیاسی بەندێكە کە دەبێت تەنیا زیندانیانی سیاسی تێدا ڕابگیردرێت، بەپێی پەسەندکراوی دەوڵەت کە لە یاساشدا هاتووە، دەبێت زیندانیانی سیاسی لە زیندانییانی دیکە جیا بن و تەواوی پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام لە زیندانی ورمێ‌دا بەم شێوەیە نیەو دەرگای ساڵۆنی زیندانیانی سیاسی بە بەردەوامی داخراوە\".

ئەم سەرچاوە لە درێژەدا باسی لەوە کرد: \"لە ڕۆژەکانی دووشەممە و چوارشەممەدا تەنیا یەک سەعات بۆ وەرزشکردن بۆ زیندانییانی سیاسی دیاریکراوە، کە لەم سەعاتەدا بەرپرسانی زیندان دەرگای ساڵۆنەکانی ٩،١٠، ١١ کە تایبەتە بە گیرۆدەبووان بە ماددە سڕکەرەکان و نەخۆشانی ئایدز وپێستییەکان، دەکەنەوە تاکوو تێكەڵی زیندانیانی سیاسی بن و نەخۆشیەکانیان بۆ زیندانییانی سیاسی بگوازرێتەوە\".

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، زیندانیانی سیاسی خۆراکی تەندروستیان بۆ دابین نەکراوە، پێویست دەکات زیندانیان خۆیان خۆراکی تەندروست بۆخۆیان دابین بکەن.

هەروەها ئەم سەرچاوەیه ڕایگەیاند: \"زیندانیانی سیاسی لە وەرزی زستاندا دەبێت بە ئاوی سارد خۆیان بشۆن و لە وەرزی بەهار و هاویندا بەرپرسانی زیندان ئاوی ساردەکە دەبستنەوە و زیندانیانی سیاسی ناچار دەکەن بە ئاوی گەرم خۆیان بشۆن\".

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، ڕۆژێك پێش لە پشکنینی زیندان لەلایەن بەرپرسانی پشکنین، دادوەرانی چاودێریی زیندان \"پاشایی،بایرام زادە و سەفەری\" بەرپرسی زیندان و \"خان زادە\" جێگری بەرپرسی زیندان سەردانی زیندانیانی سیاسی دەکەن و ناچاریان دەکەن کە داوای مەرەخەسی بکەن و بەڵێنی مەرەخەسییان پێدەدرێت، بەڵام دوای تەواوبوونی کاری بەرپرسانی پشکنینی زیندان، بەرپرسانی زیندانی ورمێ بێ ڕێزی و بێ حورمەتی بە زیندانیانی سیاسی دەکەن و ئەوانیش لە ترسی دۆسیەسازی بێدەنگی هەڵدەبژێرن.

ئەم سەرچاوە ئەگادارە وتیشی: هەر زیندانییەکی سیاسی لە ڕۆژێکدا دووجار ئیزنی گرتنی پەیوەندی پێنج خولەکی لەگەڵ ماڵەوەیاندا هەیە، کە تەواوی ژمارەکانی پەیوەندییان لەلایەن بەرپرسانی زیندان و ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ‌وە کۆنتڕۆڵ دەکرێت و هەر زیندانییەکی سیاسی بە بیانوویەک بانگهێشتی ئیدارەی ئیتڵاعات دەکرێت و دوای چەند ڕۆژێک هێشتنەوەی، دۆسیەیەکی بۆ ساز دەکرێت.