بارودۆخی دەیان کرێکاری کورد لە شاری مەهاباد نالەبارە

15:20 - 6 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: بە دەرکردنی ٢٧ کرێکاری کورد، گارگەی بەردبڕیی برایانی ئازغ، لە شاری مەهاباد بە تەواوی ئەو گارگەیە داخرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، خاوەنکاری کارگەی بەردبڕیی برایانی ئازغ ٢٧ کرێکاری لە سەر کارەکانی دەرکرد.

\"\"
گارگەی بەردبڕیی برایانی ئازغ
کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، ٢٣ کرێکاری دیکەی ئەم یەکەیە لە شاری مەهاباد لە لایەن خاوەنکاری ئەو کارگەیەوە دەرکرابوون.

کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوی کرێکاری بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، \"دۆخی نالەباری بەرهەم و گەمارۆی ئابووری\" بە هۆکاری پێکهێنانی ئەم بارودۆخه وەسف کردووه کە بووەتە هۆی ئەوەیکە زیاتر لە ٨٠ کرێکاری دامەزراو لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، لە سەر کارەکایان دەر بکرێن.

بانەمەڕی ساڵی ڕابردووش ٢٥ کرێکاری کارگەی بەردبڕیی ئازغ لە سەرکارەکەیان دەرکرابوون.

لەو پەیوەندییەدا، کۆبوونەوەیی ناڕەزایەتی زیاتر لە ٥٠ کرێکار لە کۆگای کشت و سەنعەتی شاری مەهاباد لە هەوای سیفر دەرجە بۆ داوکاریی داخوازییەکانیان درێژەی هەیە.

ئەو کرێکارانە نزیکەی ٢٥ ڕۆژە، ناڕەزیەتییان سەبارەت بە دواخستنی ١٦مانگ یارمەتی و حەقدەستی و مافی دڵنیای خۆیان، لە بەرانبەر ئەو کۆگایە درێژە بە ناڕەزایەتی خۆیان دەدەن.

\"\"
کۆبوونەوەیی ناڕەزایەتی کرێکارانی لە کۆگای کشت و سەنعەتی شاری مەهاباد
یەکێک لە کرێکاران بە هەواڵنێری ئیلنای گوت:\" ئێمە لە چاوەڕوانیی ویژدانە نەنوستووەکان داین، ئێمە داواکارین نوێنەری شاری مەهاباد لە مەجلیس، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و بەرپرسانی خۆجێی و ئوستانی بیرێک لە ژیانی ئێمە بکەنەوە\".

پاش پێدانی ئەو کارگەیە بە کەرتی تایبەت لە ساڵی ٨٦ی هەتاوی، کێشەی نزیک ٢٠٠ کرێکار لەو شیرکەتە دستی پێکرد و لە مانگەکانی ڕابردوودا دۆخەکە بە سەختی نالەبارتر بووه.