بارودۆخی دوو کۆڵبەری کورد لە نەخۆشخانە نالەبارە

20:10 - 31 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: تەندروستی دوو کۆڵبەری چاڵدێرانی کە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بریندار کرابوون، نالەبار ڕاگەیاندراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بارودۆخی تەندروستی دوو کۆڵبەری کورد خەڵکی شاری چاڵدێران بە ناوەکانی \"پەیمان قولیزادە و عێزەدین حوسێن‌نژاد\" کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان پێکرابوون، نالەبار وەسف کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بارودۆخی تەندروستی عێزەدین حوسێن‌نژاد نالەبارە و لە نەخۆشخانەی چاڵدێران خەوێندراوە و هەروەها پەیمان قولیزادە بە هۆی کاریگەربوونی برینەکەی بۆ نەخۆشخانەی شاری زەنجان ڕاگوێزراوە.

شەوی ٢٧ی خەرمانان، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە ئەنجامی دەسڕێژ لە ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، کۆڵبەرێکی کوردیان لە سنووری شاری چاڵدێران کوشت.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە بە ناوی \"نعمەت شەهبازی حەیدەرانلوو\"، تەمەن ٣٠ ساڵ، خەڵکی گوندی \"عیسا گۆلێکـ\"ـی شاری چاڵدێران ڕاگەیەندراوە.