بارودۆخی تەندروستیی دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی ئێران مەترسیدارە

15:43 - 3 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی سیاسیی کورد، کە لە زیندانەکانی ورمێ و یەزد لە دەستبەسەریدان، تووشی نەخۆشی و ئازاری جەستەیی هاتوون و بەرپرسانی زیندانیش ئیزنی چارەسەری و نەشتەرگەریی پزیشکییان پێ‌نادەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عەلیڕەزا رەسووڵی، کوڕی حەسەن، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، کە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە دەستبەسەریدایە و تووشی نەخۆشییەکی دژوار هاتووە، بۆ چارەسەری و دەرمانی نەخۆشییەکەی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە رێگریی لێ دەکرێت و بەو هۆیەوە مانی لە خواردن گرتووە.

سەرچاوەیەک لە زیندانی مەهابادەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ عەلیڕەزا رەسووڵی تووشی نەخۆشیی \"شێرپەنجە\" بووەو لە کاتێکدا پێویستیی خێرای بە چارەسەری و دەرمان هەیە، بەرپرسان ئیزنی چوونە لای پزیشکی پسپۆڕ و چارەسەریی نەخۆشییەکەی پێنادەن.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، عەلیڕەزا بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەو بڕیارەی بەرپرسانی زیندانی ورمێ، ماوەی ٦ رۆژە مانی لە خواردن گرتووەو هەتا ئیستاش لەسەر مانگرتنەکەی بەردەوامە.

عەلیڕەزا کە دوو دانە \"لوو (غدە)\"ی شێرپەنجەیی لە نێو سینگیدا دروست بوون، هەنووکە لە بەندی (١٢)، بەندی زیندانییە سیایسیەکانی زیندانی ورمێ لە دەستبەسەریدایە.

دەگوترێت، ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، کە بە نیشانەی پشتیوانی لە کچە قوتابیانی شیناوێی پیرانشار لەبەر دەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی مەهاباد هاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵێکی دیکە لە چالاکانی کوردی ئەو شارە کۆببوویەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراو تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی درایە پاڵ و سەرئەنجام بە ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

\"22297.jpg\"
محەمەد مورادی، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی یەزد
لەلایەکی دیکەوە محەمەد مورادی، یەکێک لە بە پێشینەترین زیندانییە سیاسییەکانی کورد لە زیندانی یەزد، کە تووشی \"دیسک کمر\" بووە، لە کاتێکدا پزیشکی نێو زیندان رایگەیاندووە، کە ناوبراو لە دەرەوەی زیندان چارەسەری بۆ دەکرێت، بەرپرسانی ئەو زیندانە ئیزنی چوونە دەرەوەی لە زیندان پێنادەن.

محەمەد مورادی کە ماوەی ١٨ ساڵە لە زیندانی ناوەندیی یەزد لە دەستبەسەریدایە، بە گوتەی نزیکانی ئەو زیندانییە کوردە، ناوبراو بە دەست ئازاری پشتییەوە دەناڵێنێ و هەتا ئێستا بەرپرسانی ئەو زیندانە خۆیان لە ناردنی ئەو چالاکە سیاسییە کوردە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان، بواردووە.

محەمەد مواردی، کە بە تاوانی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ساڵی ١٣٧٥ هاوڕێ لەگەڵ سێ چالاکی سیاسیی دیکەی کورد بەناوەکانی، عومەر ئیمامی، عەلی ساڵحی و والی درودی دەستبەسەر کراو حوکمی ٢٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە لەو کاتەوە لە مافی مەرەخەسی بێبەری بوونە.