بارودۆخی تەندروستی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی ورمێ نالەبارە

21:07 - 11 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندی شاری ورمێ، بارودۆخی تەندروستی نالەبارە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بارودۆخی تەندروستی \"ئەمیر پەیغامی\" هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، لە بەندیخانەی ناوەندی شاری ورمێ نالەبار ڕاگەیەندراوە و پێویستی بە چارەسەری پزیشکی لە دەروەی بەندیخانە هەیە.

یەکێک لە هاوبەندییەکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"بەرپرسانی بەندیخانە بە ڕاشکاوانە دژایەتی خۆیان لە ڕەوانە کردنی ئەمیر پەیغامی بۆ چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی بەندیخانە دەربڕیوە\". پێشتریش، \"بازپرسی تامین\" بە دانانانی \"تامین\" بۆ مورەخەسی دەرمانی ئەو هاووڵاتییە کوردە دژایەتی دەربڕیبوو.

ئەمیر پەیغامی، ڕۆژی دووشەممە ٨ی جۆزەردانی ئەمساڵ لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکان دەسبەسەر کرا و دواتر هێزە ئیتلاعاتییەکان دەستیان بە سەر پاسپۆرت و هێندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراودا گرت. ئەو هاووڵاتییە کوردە بەبێ دادگایی کردن ئێستە لە بەندی ١٢ی بەندیخانەی ورمێ ڕاگیراوە و هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" تاوانبار کردووە.