بارودۆخی توندی ئەمنیەتیی شاری سنە بە بۆنەی جێژنی چوارشەممە سووری

14:54 - 25 رەشەمه 2711
كوردپا: لە كاتی بەڕێوە چوونی رێوڕسمی چوارشەممە سووری لە شاری سنە لەلایەن هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەكانی حكوومەتەوە بارودۆخێكی توندی ئەمنیەتی رەچاو كراوە و بەشێك لە جادە و شوێنە گشتییەكانیان بەستووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە كاتی بەڕێوە چوونی جێژنی چوارشەممە سووری لە شاری سنە هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بەشێك لە شوێنە گشتییەكانی شار وەك: پاركی منداڵ، مەیدانی گاز، جادەی گوندی سەڵوات ئاوا و چەندین شوێنی دیكەیان بەستووە و بە رەچاو كردنی رێوشوێنی توندوتۆڵی ئەمنیەتی پێشیان بە خۆشیی خەڵك گرتووە.

لە كووچە و كۆڵان و شەقامە گشتییەكانی شاری سنە شێوەی حكومەت نیزامیی رانەگەیەنراو رەچاو كراوە و زۆرێك لە دووكان و بازار و شوێنی كاسبیی خەڵك بە زۆری داخراون.

هەواڵنێری كوردپا لە درێژەی هەواڵەكەیدا لە شاری سنەوە ئاماژەی بەوەش داوە، بڕیارە لە رۆژانی نەورۆزدا ئەو كەش و دۆخە ئەمنیەتیە لەو شارە توندوتۆڵتر بەڕێوە بچێت.