بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تەمەنی بۆ ئازادیی موختار زارعی

21:58 - 6 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: دۆزگەری شاری سنە بۆ ئازادکردنی چالاکێکی مەدەنیی کورد لە شاری سنە داوای بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تەمەنی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دۆزگەری شاری سنە بۆ حوکمی ئازادیی کاتیی موختار زارعی، چالاکێکی مەدەنیی کورد دواوی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەگەری هەیە بەیانی یەکشەممە ٧ی گەلاوێژ، ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد بکرێت.

ئەوە سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: ئەو چالاکە مەدەنیە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، تەنیا جارێک لەگەڵ بنەماڵەی پەیوەندیی گرتووە.

ڕۆژی شەممە ٣٠ی پووشپەڕ، موختار زارعی، چالاکی مەدەنیی کورد پاش سەردانی بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە دەسبەسەر کرا و بۆ زیندان ڕاگوێزرا. ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە لە دادگا بە تۆمەتی \"بێڕێزی بە ڕێبەر، تێکدانی بیروڕای گشتی و بانگەشە دژی نیزام\" تۆمەتبار کراوە.

جۆزەردانی ئەمساڵ، ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە بۆ \"تێگەیاندنی تاوانەکەی لەگەڵ مافی پارێزەر\" بانگهێشتی لقی دادسەری گشتی و ئینقلابی شاری سنە کرا.