بارمتەی "موزایدەکراوی" سێ هاووڵاتی ڕادەستی ناوەندە دەوڵەتییەکان کرا

13:15 - 1 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: بارمتەی موزایدەکراوی سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شنۆ، ڕادەستی ناوەندە دەوڵەتییەکان کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بارمتەی موزایدەکراوی سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "حاسڵ عەزیزی، جەلال مەسرووی و کەماڵ مەسرووری"، بە بڕی ٦٠٠ ملیۆن تمەن، ڕادەستی ناوەندە دەوڵەتییەکان کرا.

موزایدەی بارمتەی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەزبەری ئەمساڵ لە نووسینگەی بەڕێوەبەریی سزاکانی کەیفەریی دادسەرای شنۆ بەڕێوە چووە.

دادستانی شنۆ داوای لە خاوەن بارمتەکان کردووە کە بە زووترین کات ماڵە موزایدەکراوەکە چۆڵ بکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "پاش نەکڕینی لەلایەن هاووڵاتییانەوە، مڵکەکە هەڕاج فرۆش کراوە و ئەو بارمتەیە ڕادەستی ناوەندە دەوڵەتییەکان کراوە".

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٥ی هەتاوی، دادگای ئینقلابی ورمێ، حوکمی ئێعدامی بۆ "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" و حوکمی ١٠٠ ساڵ زیندانیی بۆ "حاسڵ عەزیزی، محەممەد زاهید فەرامەرزی، یەعقووب بائیکەرام، جەلال مەسرووری، کەماڵ مەسرووری و سدیق بائیکەرام" دەرکرد.

دادگای ئینقلابی ورمێ ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی "قەرەسەقەل"، سەر بە شاری شنۆی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران" مەحکووم کردبوو.

مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦، دۆسیەی تاوانبارانی قەرەسەقەل پاش پێشێلکردنی لە دیوانی باڵای وڵات جارێکی دیکە لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ تاوتوێ کرا و تۆمەتلێدراوان دووبارە دادگایی کرانەوە و بەپێی حوکمی دادگا، "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور کوڕی "ئەبووبەکر" بە ئێعدام، "حاسڵ عەزیزی" بە ٢٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری، "جەلال مەسرووی" بە ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری، "کەماڵ مەسرووی" بە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری، "محەممەد زاهیر فەرامەزری" بە ٢٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری و "سدیق بائیکەرام" بێتاوان ناسرا.