باخەوانانی کرماشانی نزیک بە ١٢٠ ملیارد تمەن زیانیان بەرکەوت

20:50 - 1 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: بارینی تەرزە و ساردیی هەوا، زیانی بە زیاتر لە چل و چوار هەزار هیکتار لە رەز و باخەکانی ئوستانی کرماشان گەیاند.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە کۆی ٤٤ هەزار و ٣٨٦ هیکتار باخەکانی ئوستانی کرماشان، ١٣ هیکتاری بەهۆی دابەزینی لەرادەبەدەری پلەی گەرمیی هەوا و بارینی تەرزە تووشی زیان بوون.

شارەکانی ناوەند و رۆژئاوای ئوستانی کرماشان، زیاترین زیانیان بەرکەوتووە و لە ٣٠ هەتا ٩٠%ی باخەکانیان تووشی زیان بووە.

بەرپرسی باخەوانی رێکخراوی جیهادی کشاوەرزی ئوستانی کرماشان لە وتوێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی تەسنیم رێژەی ئەو زیانەی ١١٨ میلیارد تمەن بەراورد کردووە.
بە وتەی قارەمان ئەحمەدیان زیاترین زیان بەر باخەوانەکانی شارەکانی ئیسلام‌ئابادی رۆژئاوا، پاوە، روانسەر و نۆدشە کەوتووە.

ساڵی رابردوو زیاتر لە ٣٣٠ هەزار تۆن بەری باخاتی وەکوو ترێ، سێو، گوێز، هەنار و زەیتوون لە ئوستانی کرماشان بەرهەم هاتبوو.

ئەو زیانانە لە حاڵێکدا بەر باخەوانەکانی کرماشان کەوتووە کە زۆربەی باخەکانی میوە بیمە نەکراونەتەوە.

بە پێی ئامارە فەرمی‌یەکان و هەروەها راپۆرتەکانی رێکخراوی جیهادی کشتوکاڵی کرماشان، لە کۆی ٢٥ بەرهەمی کشتوکاڵی ئەو ئوستانە تەنیا ١٥ بەرهەمیان کوتوونەتە بەر گەڵاڵەی بیمە .

زیاترین باخەکانی ئوستانی کرماشان لە شاری پاوە ٢٢%، سەحنە ١٨% و ئیسلام‌ئابادی رۆژئاوا ١٤% هەڵکەوتوون.