ئایناز زارع لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا

10:39 - 7 سەرماوەز 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی سەرماوەز، ئایناز زارع، زیندانیی سیاسی لە بەندی ژنانی زیندانی ورمێ، پاش ١٥ مانگ زیندانی ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سیاسییه پاش ناڕەزایەتی بە حوکمی داسەپاوەکەی لە یەکەم دادگاییدا، حوکمەکەی لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بۆ ساڵێک کەم کرابووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، بە هەژمارکردنی ماوەی زیندانییە پێشووەکەی ئەو زیندانییە سیاسییە، لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی، لە زیندان ئازاد کرا.

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، لقی ١ی دادگای کەیفەریی تایبەت بە مێرمنداڵان و لاوانی ورمێ، ئەو زیندانییە سیاسییەی بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرد.

ئایناز زارع، لە کاتی دەسبەسەریدا، تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کرابوو.

 ئایناز زارع لەگەڵ دایکی "شاناز سادقی ‌فەر" بۆ ماوەی ٣ ساڵ ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران بوون و مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٨، پاش وەرگرتنی ئەماننامە لە سنووری بانە گەڕابوونەوە ئێران و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەرکرانیان بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگویزرابوون و بۆ ماوەی دوو مانگ لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوون.

خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، "شاناز سادقی ‌فەر" و "ئایناز زارع"، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرابوون.

مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، شاناز سادقی‌فەڕ، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی ''ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.