ئایدا گوڵ‌محەممەدی چووە ڕیزی تیمی نەتەوەیی بەسکتباڵی ئێران

13:52 - 13 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە کچە وەزشوانەکانی شاری کامیاران لە پارێزگای سنە، لە لایەن تیمی نەتەوەیی ئێران بۆ یاری‌کردن لە وەرزشی بەسکتباڵ‌دا بانگهێشتی تیمی نەتەوەیی ئێران کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئایدیا گوڵ‌محەممەدی کچە یاریزانی وەزشی بەسکتباڵ لە شاری کامیاران، بانگهێشتی تیمی نەتەوەیی بەسکتباڵی ئێران کراوە.

بەرپرسی وەزارەتی وەرزش و لاوان لە شاری کامیاران، وێڕای پشتڕاست‌کردنەوەیی ئەو هەواڵە، گوتی، فێدراسیۆنی بەسکتباڵ ١٧ یاریزانی هەڵبژێردراوی لە پارێزگاکانی سەرتاسەری ئێران بانگهێشت کردوە.

ڕەزا باجەڵانی لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی شاهۆ خەبەر ڕایگەیاند، ئۆردووی ئامادەکاریی تیمی بەسکتباڵی نەتەوەیی ئێران بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە ڕۆژی سێشەممە ١٢ی خەزەڵوەر هەتا شەممە ١٦ی خەزەڵوەر، لە ساڵۆنی وەرزشی ئازادی تاران بەرێوە دەچێت.

بەرپرسی وەرزش و لاوانی شاری کامیاران ئەوەشی خستەڕوو، ئایدا بە هۆی توانای باشی فیزیکی، بە چاوەدێری کادرەکانی فەننی فێدارسیۆنی بەسکتباڵ بانگهێشتی ئۆردووی ئامادەکاریی تیمی نەتەوەیی ئێران کراوە.

بەوتەی باجەڵانی ئایدا ماوەی شەش ساڵە ڕووی لەم بەشە وەرزشییە کردوە و لەژێر ڕاهێنەرایەتی ڕێزان محەممەدی چالاکی دەکات و لە ساڵی ٩٤ی هەتاوی چووەتە تیمی شارەداریی شاری سنە و لە کێبڕکێیەکانی \"سوپرلیگ\"ـی یانەکانی ئێران چەند یارییەکی ئەنجام داوە.

وەرزشکارانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی جیهان و ئێراندا بەردەوام سەرکەوتن بهدەست دێنن و ئەوەش لە کاتێک دایە کە وەرزشکاران لەگەڵ کێشەی زۆری ئیداری و بێ ئیمکاناتی بەرەوڕوون.