ئاڵۆزی نانه‌وه‌ له‌ که‌نداوی فارس هەتا داخستنی کاناڵه‌ ماهواره‌ییه‌کان‌

16:19 - 24 رەزبەر 2712
ئاژانسی کوردپا: هاوکات له‌گه‌ڵ زیادبوونی گه‌مارۆ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌ دژی حکوومەتی ئیسلامی ئێران سەرچاوە زانیارییەکانی رۆژئاوا باس لە ئەگەری پشێوی نانەوەی ئەو حکوومەتە لە کەنداوی فارس دەکەن.

ماڵپەڕی \"ئێشپیگل ئانلاین\" بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی پلەبەرزی سپای پاسداران پیلانیان بۆ خراپ کردنی ژینگەی کەنداوی فارس داڕشتووە.

هەر دوو فەرماندەری سپای پاسداران و هێزی دەریایی سپا، لە بیری دروست کردنی کێشەیەکی بە ئانقەست بۆسەر کەشتیەکی نەوت هەڵگر لە کەنداوی فارس‌دان، هەتا لەو رێگایەوە بتوانن پێش بە هاتووچۆی کەشتیە نەوت کێشەکان بگرن و زەختیش بخەنە سەر وڵاتانی عەرەبی.

لە پلانە نهێنیەکەی خۆیاندا \"آب گل‌آلود\" پێش بینی ئەوەیان کردوە لە ئەگەری پیس بوونی ژینگەی کەنداو، وڵاتانی رۆژئاواش بۆ خاوێن کردنەوەی ئەو ژینگەیە ناچار بە هاوکاری دەبن و ئەگەری ئەوە دەکرێ کە گەمارۆکانی سەر ئێران لا ببەن.

سەرچاوە زانیارییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا محەممەد عەلی جەعفەری فەرماندەی سپای و عەلی فدەوی فەرماندەری هێزی دەریایی سپای پاسدارانی وەک داڕێژەرانی ئەم پلانە ناساندوە و بە جێبەجێ کردنیشی چاوەڕوانی تەئیدی ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری حکوومەتی تارانن .

هەروەها لە درێژەی گەمارۆکانی بۆ سەر ئێران، وەزیرانی یەکیەتیی ئورووپا زیاد کردنی گەمارۆکان بە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران تاوتوێ دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە باس لەوە دەکرێ کە کاناڵە ماهوارەییەکانی سەر بە حکوومەتی ئیسلامی کە لە دەرەوەی وڵات بەڕیوە دەچن، لە سەر ماهوارەی هاتبێرد داخراون.

کاناڵی ئەلعالم لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە کە کۆمپانیای \"یوتل سات\" بەڕێوەبەرانی هاتبێردی خستۆتە ژێر گوشارەوە کە رۆژی دووشەممە ٢٤ی رەزبەر فرێکانسی١٢٤٣٧ لاببەن و لە دانی خزمەتگوزاری بە کاناڵەکانی ئەم فرێکانسە خۆ ببویرێن.

کاناڵەکانی ئەلکەوسەر، شەبەکەی خەبەر، سەحەری ١و٢، جام جەمی ١و٢ و ئەلعالەم لە کۆمپانیای هاتبێرد وەشانیان هەیە.