ئاڵمان: حکوومەتی سووریە دەڕوخێ و پێویستە بەشار ئەسەد دادگایی بکرێت

15:20 - 1 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسێکی پایەبەرزی وڵاتی ئاڵمان رایگەیاندووە دوابەدوای پێشکەوتنی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی سووریە، حکوومەتی ئەو وڵاتە بەرەو رووخان دەچێت و پێویستە بەشار ئەسەد لە دادگای باڵای تاوانەکان دادگایی بکرێت.

رادیۆ ئاڵمان لە زاری \"توماس دیمیریز\" وەزیری بەرگریی ئاڵمانەوە بڵاوی کردەوە، حکوومەتی سووریە توانای سەرکەوتنی بە سەر دژبەران و کۆنتڕۆڵ کردنی وڵاتەکەی لە دەستدا نەماوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرەوڕووی رووخانی یەکجاری دەبێتەوە.

وەزیری بەرگریی ئاڵمان ئەوەشی خستەڕوو، لە شۆرای ئەمنیەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆمەڵیک باس لەسەر پێشنیاری \"سویس\" لەمەڕ کردنەوەی دۆسیەیەک لە دادگای \"لاهە\" بۆ پێراگەیشتن بە تاوانەکانی حکوومەتی سووریە، هاتۆنەتە گۆڕێ.

میسر: حکوومەتی تاران بەشێک لە کێشەکانی سووریەیە

\"10821.jpg\"
هاوکات \"محەمەد کامیل عۆمرۆ\" وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی میسر رایگەیاندوە بە مەرجێک پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی ئێران پەرە پێ ئەدەن کە دەست لە پشتیوانی حکوومەتی سووریە هەڵبگرێت.

محەممەد کامیل عۆمرۆ ئاماژەی بەوەش کرد، بە بەرپرسانی وڵاتی ئێرانمان راگەیاندووە کە زۆربەی وڵاتانی جیهان حکوومتی ئێران وەک بەشێک لە قەیرانی سووریە سەیر دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی شەممە \"ناوی پیلای کۆمیسێری باڵای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جاریکی دیکە خوازیاری پێشکەش کردنی دۆسیەی حکوومەتی سووریە بۆ دادگای لاهە بوو.

پیلای ئاماژەی بەوەش کردووە، کە حکوومەتی سووریە جینایەتی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام داوە و پێویستە لەو راستایەدا لێکۆڵینەوە بکرێت و لە دادگای باڵای تاوانەکانی شەڕ دادگایی بکرێت.

هەواڵدەریی فەڕانسە بڵاوی کردەوە هەتا ئێستا ٥٧ وڵات بەفەرمی داوایان لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە بە کردەوە پێراگەیشتن بە کوشتار و جینایەتەکانی حکوومەتی سووریە ئەنجام بدرێت.

هەروەها وڵاتانی فەرانسە، بریتانیا، کۆرەی باشوور، لۆگزامبورگ و ئۆسترالیا وەک ٥ ئەندامی سەرەکیی ئەنجومەنی ئەمنیەتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رەزامەندیی خۆیان لەگەڵ ئەو داواکارییەکەی ناوی پیلای دەربڕیوە.

هاوکات فڕۆکەوانێکی خەڵکی سووریە لە حکوومەتی ئەو وڵاتە جیا بۆوە و هەندێک لە بنکە و ناوەندە نیزامییەکانی حکوومەتی سووریەی بۆردمان کرد.

رادیۆ ئاڵمان لە زاری یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نیزامیی دژبەرانی حکوومەتی سووریەوە بڵاوی کردەوە، ئەو فڕۆکەوانە ئەرکدار کرابوو کە بە فڕۆکەیەکی رووسی ناوچەی غووتە لە رۆژهەڵاتی دیمەشق بۆردمان بکات، بەڵام سەرپێچی لە بڕیارەکان کرد پایەگایەکی حکوومەتی لە \"مۆعەزەمییە\" بۆردمان کردووە کە هەتا ئێستا چالاکانی سووریە بە هۆکاری ئەمنیەتییەوە شوێنی فڕۆکە و فڕۆکەوانەکەیان ئاشکرا نەکردووە.

\"10822.jpg\"
هاوکات ماریا سالفیڤیس بەرێوەبەری رێکخراوی (UNICEF) بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاندووە، کە لە دەستپێکی ئاڵۆزییەکانی وڵاتی سووریەوە هەتا ئێستا ٣ هەزار و ٥٣٨ منداڵ کوژراون.

لەلایەکی دیکەوە و لە درێژەی رەوتی نائارامییەکان لە وڵاتی سووریە لە سەرەتای ئەم حەفتەیەوە زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتیی سووریە بەدەستی هێزەکانی حکوومەتی ئەو وڵاتە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون بە زیندووی سوتێندراون.

بەپێی دوایین توێزژینەوەی رێکخراوی نەتەوە یەگرتووەکان لە ماوەی ٢٢ مانگ شەڕ و ئاڵۆزیی لە ولاتی سووریە زیاتر له‌ 60 هه‌زار كه‌س كوژراون.

لەهەمان کاتدا عەلی ئەکبەر وەلایەتی راوێژکاری باڵای رێبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێونەتەوەیی لە وتوێژێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: بەشار ئەسەد بۆ ئێمە هێڵی سوورە و بەردەوام پشتگیری لە حکوومەتی سووریە دەکەین.

وەلایەتی لە وتوێژ لەگەڵ تەلەفزیۆنی \"ئەلمەیادین\"ی لایەنگری حکوومەتی سووریە ئەوەی خستۆتەڕوو، سەرەکیترین هۆکاری پشتگیری ئێمە لەو حکوومەتە، بەهێز کردنی هێڵی بەرگری لە هەمبەر ئیسراییل دایە.